شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرای کرد کە لە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی دیکەی بەفروباران بە هەورەبرووسکەی بەهێز و تەرزەوە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئەمشەو یەکشەممە 1/2/2026، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: "شەپۆلێکی زۆرباشی بەفروباران بە هەورەبرووسکە و تەرزەوە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش بەفر دەبارێت و لە ئیدارەی گەرمیان، هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ڕاپەڕین، سۆران، ناوچەشاخاوییەکانی هەولێر ئەگەری بارانبارینی بەخووڕ بۆ لێزمە باران هەیە لە هەندێ ناوچەش ئەگەری 50 بۆ 70 ملم باران هەیە."
ئەوەشی خستووەتە روو: "ئەو ناوچانەی بە پلەیەک کاریگەری شەپۆلی بارانبارینەکەیان دەگاتێ لە تەواوی ناوچەکانی (پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، سۆران، ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، شەڤڵاوە و دەورووبەری، ئامێدی و دەورووبەری لەگەڵ کۆیە)."
روونیشی کردووەتەوە: "لە کاتەکانی نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە بۆ بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ئەگەری چالاکبوونی هەورەبرووسکەی بەهێز و تەرزە و تاوەبارانی مامناوەند بۆ بارانی بەخووڕ هەیە و لە هەندێ شوێن ئەگەر هەیە بگۆڕێت بۆ بارانی بەلێزمە کە لە هەندێ کاتدا مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و لافاو هەیە لە شوێنە نزمەکانی ئەو ناوچانە."
ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی راشی گەیاندووە: "بە پلە دوو کاریگەری ئەم شەپۆلە لە تەواوی ناوچەکانی سەنتەری پارێزگای هەولێر، دەشتی قەراج و کەندیناوە، گوێڕ، شەمامک، دیبەگە، مەخموور، سەرگەڕان، ناوچەکانی بادینان و تەواوی قەزاوناحیەکانی پارێزگای کەرکووک و دەورووبەری ئەگەری چالاکبوونی هەورەبرووسکە و نمەباران بۆ بارانی مامناوەند هەیە کە لە هەندێ کاتدا دەگۆڕێت بو بارانی بەخووڕ و پێشبینی دەکرێت بڕی باران لەو ناوچانە لەنێوان 15 بۆ 25ملم بێت و لەوانەشە هەندێ لەو ناوچانە کاریگەری دەریای سووری له سەر بێت و زیاتریش ببارێت."
ئاماژەشی بەوە داوە: "چەقی شەپۆلەکە دەکەوێته ناوچەکانی باکووری خۆرهەڵاتی هەرێمی کوردستان و دوای نیوەڕۆی سێشەممە بۆ بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە دەبێت، کە پێشبینی دەکرێت زۆرترین بڕی باران لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر تۆمار بکرێت."
دەشڵێت: "کاریگەری ئەم شەپۆلە تا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە دەبێت و لە درەنگانی شەوی پێنجشەممە بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕادەی شێ ڕێژەیی و دابەزینی پلەکانی گەرما لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەگەری ڕوودانی دیاردەی چڕی تەمومژ هەیە."
هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، روونیشی کردووەتەوە "لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان ئەگەری بەفربارین هەیە و خێرایی باش زیاد دەکات و پلەکانی گەرماش 3 بۆ 4 پلەی سیلیزی دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت."
ئەوەشی خستووەتە روو: "سبەی دووشەممە لە سنووری پاێزگای دهۆک، زاخۆ، سۆران و هەولێر ئەگەری بارانبارین هەیە، بەڵام لە ناوچەکانی ڕاپەڕین، سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و کەرکووک ئاسمان خۆرەتاو و نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرماش 3 پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە."
جەختیشی کردووەتەوە: "بەگشتی کەشوهەوا ناسەمگیرە بە چەند قۆناغێکی دیکە پێشبینی دەکرێت تا ناوەڕاستی ئەم مانگە بەردەوامی هەبێ."


وەڵام بدەوه