KurdistanPress...

CLOSE

ئۆجەلان ئازاد دەکرێت

نوعمان كورتولمووش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا رایگەیاند، راپۆرتی كۆمیسیۆنی (پاڵپشتیی میللی و برایەتی و ئاشتی) كۆتایی پێهاتووە و لەنزیكترین كاتدا لەناو پەرلەمانی توركیا دەنگی لەسەر دەدرێت. لە راپۆرتەكەدا باس لە مافی ئومێد نەكراوە بۆ ئازادبوونی عەبدوڵا ئۆجەلان، بەڵام بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ باس لە ئازادبوونی كراوە.

لەراپۆرتی كۆمیسیۆندا هاتووە، پێویستە توركیا پابەند بێت بە بڕیارەكانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، ئەمەش بەو مانایە دێت ئۆجەلان مافی ئومێد دەیگرێتەوە، چونكە مافی ئومێد لەدەستووری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپادا هاتووە. هەروەها باس لە سیاسەتی قەیووم كراوە لە توركیا و ئاماژەیان داوە، پێویستە قەیوم كۆتایی پێ بێت.

ئەوەی گرنگە ماوەیەكی زۆرە كورد داوای دەكات و تەنانەت یەكێتی ئەورووپاش ئەو داوایەی هەبووە، پێداچوونەوەیە بەیاسای تیرۆر، لە راپۆرتەكەدا باس لە گۆڕینی یاسای تیرۆر كراوە، ئەگەر یاسایەكە گۆڕانی بەسەردا بێت، رێگە دەكاتەوە هەزاران زیندانی سیاسیی ئازاد بكرێت.

راپۆرتەكە لە ٦٠ لاپەڕە پێكهاتووە، هەموو ئەو پارتانەی ئەندامیان لەو كۆمیسیۆنەدا هەیە رۆڵیان هەیە لە نووسینی راپۆرتەكەدا، كە ئەمانەی خوارەوە لەخۆی دەگرێت.

_ كاركردنی كۆمیسیۆنی (پاڵپشتیی میللی و برایەتی و ئاشتی).

_ بنەماكانی ئامانجی كۆمیسیۆن.

_ لەڕووی مێژووییەوە باسكردن لە برایەتی تورك و كورد و لەڕووی یاساییشەوە باس كراوە.

_ ئەو كەسانەی گوێیان لێ گیراوە بۆ نووسینی ئەم راپۆرتە.

_ هەڵوەشانەوەی پەكەكە و چەكدانان.

_ رێكخستنی یاسا بۆ پڕۆسەی ئاشتی.

_ پشنیاز بۆ چۆنییەتی دیموكراتیبوون.

ئەگەرچی لە راپۆرتەكەدا راستەوخۆ باس لەوە نەكراوە ئۆجەلان مافی ئومێد بیگرێتەوە، بەڵام ئەم خاڵانە باس كراوە، كە ئۆجەلان دەتوانێت بۆ ئازادبوونی سوودی لێ ببینێت.

_ بابەتی دەستگیكراوان، پێویستە توركیا بابەندی هەموو رێككەوتنەكان بێت كە ئەندامە تێیدا لەوانە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، هەروەها پێداچوونەوە بەو بڕیارانە بكرێت كە لەو دادگایەدا دەرچووە.

_ هەموو ئەو كەسانەی دەستگیر كراون، دەبێت بەشێوەیەكی عادیلانە سوود لە بڕیاری دادگاكانی نێودەوڵەتی ببینن و یەكسانیش پەیڕەو بكرێت.

_ هەڵسەنگاندن بۆ ئەو زیندانیانە بكرێت، كە نەخۆشن و تەمەنیان زۆرە، پێداچوونەوە بە بڕیاری دادگا بكرێت تا بتوانن سوود لەوە ببینن ئازاد بن و ژیان بكەن.

_ هەموو بڕیارە ئیدارییەكان بۆ زیندانیان چاوی پێدا بخشێنرێتەوە و لە كوێدا كەموكوڕی هەبووە چارەسەری بۆ بكرێت.

فەتی یڵدز، جێگری سەرۆكی مەهەپە، لەبارەی ئازادبوونی ئۆجەلانەوە دەڵێت: ”كۆمیسیۆن رێككەوتنیان كردووە بۆ ئازادبوونی و هیچ كێشەیەك نییە. ئێمە باسمان لە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا كردووە، كە پێویستە توركیا بڕیارەكانی جێبەجێ بكات، بۆیە مافی ئومێد ئۆجەلان دەگرێتەوە و ئازاد دەبێت.“

لە راپۆرتەكەدا هاتووە، ئەگەر كەسێك توندوتیژی نەكردبێت نابێت بەیاسای تیرۆر سزا بدرێت، هەروەها كەسێك گوتە و هەنگاوەكانی لە چوارچێوەی ئازادی رادەربڕین بێت نابێت بە یاسای تیرۆر سزا بردێت.

هەر لە راپۆرتەكەدا هاتووە، توركیا دەبێت سەرلەنوێ پێكهاتەی مافی مرۆڤ و دامەزراوە یەكسانییەكان جابڕێژێتەوە و پێناسەی تازە بۆ بكات. 

لەبارەی سیاسەتی قەیوومەوە راپۆرتەكە گرنگییەكی زۆری پێداوە، باس لەوە كراوە ئەگەر پێویست بێت هەر سەرۆك شارەوانییەك قەیوم بكرێت بەهەر هۆكارێك بێت، دەبێت ئەنجوومەنی شارەوانی بەكۆی دەنگ بڕیار بدەن، نەك بە بریاری وەزارەتی ناوخۆ سەرۆكی شارەوانیی قەیوم بكرێت.

لەبارەی چەكدانانی پەكەكە و چارەنووسی چەكدارانی پەكەكە، راپۆرتەكە ئاماژەی داوە، هەر چەكدارێكی پەكەكە دەستی نەبێت لە كوشتن و كاری تیرۆر، پێویستە بگەڕێتەوە بۆ توركیا و كاری ئاسایی خۆی بكات و بگەڕێتەوە ناو ژیانی سۆسیال و لێبوردن بیگرێتەوە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه