کۆمپانیای دانا غاز ڕایگەیاند، دوای ماوەیەک لە کارکردنی پچڕپچڕ لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، لە ئەمڕۆوە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی دەستی پێ کردووەتەوە.
ڕۆژی دووشەممە 13ـی نیسان، کۆمپانیای دانا غازی ئیماراتی لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، بەرهەمهێنان لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر ئاسایی بووەتەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، لەو ماوەیەدا زنجیرەیەک ڕێکاری کارپێکردنی وردیان گرتووەتە بەر.
دانا غاز ئاشکرای کردووە، ئەم هەنگاوە بە هەماهەنگیی لایەنە حکوومییەکان بووە، هاوکات پاراستنی کارمەندان و داراییەکانی کۆمپانیاکە لە پێشینەی کارەکانیان بووە.
کێڵگەی کۆرمۆر کێڵگەیەکی غازی سروشتییە و دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی دابینکردنی غازی سروشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان



وەڵام بدەوه