شارەزایەكی كەشناسی رایدەگەیەنێ، سبەی هەینی 24/4/2026 لە ئەنجامی نزیکبوونەوەی بارستەهەوایەکی ساردی سەرەوەی بەرگەهەوا، ئاسمانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەکی گشتی بە زۆری ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لە دوای نیوەڕۆشدا، ئەگەری هەورەبرووسكە و تاوەبارانی كورتخایەن هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23/4/2026، ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی، لەبارەی كەشوهەوای سبەی هەینی 24/4/2026، دەڵێت: "سبەی، لە ئەنجامی نزیکبوونەوەی بارستەهەوایەکی ساردی سەرەوەی بەرگەهەوا کە ناوەندەکەی لە باکووری تورکیا دەبێت، ئەگەر هەیە بەهۆیەوە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ بۆ ئێوارە، بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانی دەڤەری بادینان و بارزان، سنووری ئیدارەی سۆران و هەندێك لە ناوچەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای هەولێر، کەڵەکە هەوری (Cumulonimbus) لە ناوخۆدا دروست ببێت و ببێتە هۆی چالاکبوونی هەورەبرووسکە و تاوەبارانی کورتخایەن،" دەشڵێت: ”لەوانەیە لە هەندێ شوێنیشدا تەرزە ببارێت.“
ئەو كەشناسە زیاریی زیاتر دەدات و باس لەوە دەكات: ”بە گشتی ماوەی خایاندنی تاوەبارانەکان کورت دەبێت و رێژەی بارانەکەش بەگوێرەی بەهێزی و لاوازیی تاوەبارانەکان لەنێوان 2 ملم تا زۆرترین رێژە 15 ملم دەبێت، مەرجیش نییە لە هەموو شوێنەکانی ئەم ناوچانەی باسمان کرد تاوەباران ببارێت، شوێن تا شوێن دۆخەکە جیاواز دەبێت و وردەکاری بۆ شوێنێکی تایبەت نازانرێت.“
سەبارەت بە ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و کەرکووک، ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی، پێی وایە: ”بە گشتی کەشوهەواکە جێگیر دەبێت و پلەی گەرماش لەو ناوچانەدا بەراورد بە ئەمڕۆ پێنجشەممە زیاتر بەرز دەبنەوە، بەڵام هێشتا ئەگەرێکی لاواز هەیە هەورەبرووسکە و تاوەبارانی لاواز لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری پارێزگای سلێمانیش دروست ببێت.“


وەڵام بدەوه