كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەولێر بەڕێوەچوو
پارێزگاری هەولێر:
" پاراستنی ژینگە بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانی و ئەخلاقییە لەسەر شانی هەموو تاکێکی کۆمەڵگە "
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.4،23، لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و سەرجەم ئەندامانی لێژنەكە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەولێر لە دیوانی پارێزگا، بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر جەختی لەفەرمان و راسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ستراتیژیەتی و گرنگیدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پاراستنی ژینگە وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ بەردەوامیی ژیان کردەوە و، گوتیشی، پاككڕاگرتنی ژینگە بەشێکی دانەبڕاوە لە تەندروستی گشتی و پاراستنی سروشتی کوردستانیش ئەمانەتێکی مێژوویی و بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانی و ئەخلاقییە لەسەر شانی هەموو تاکێکی کۆمەڵگە.
پاشان، تیشکی خستە سەر دەستکەوتە ژینگەییەکانی هەولێری پایتەخت و ڕایگەیاند، بە پاڵپشتی راستەوخۆی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەهۆی جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەک "پشتێنەی سەوزایی"، "پڕۆژەی ڕووناکی"، چاندنی نەمام و فراوانکردنی ڕێژەی سەوزایی و دروستکردنی پۆندەکان و كوژاندنەوەی ڕێژەیەكی زۆری مولیدەكان و ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ ئەو ئۆتومبێلانەی کە هۆكاری پیسبوونی ژینگە بوون، هەنگاوی گەورە نراوە. ئاماژەی بەوەش دا، لە ئەنجامی بڕیار و ڕێنماییەكان بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان و ئەو سەرچاوانەی دەبوونە هۆی تێکدانی کوالێتی هەوا، لە ئێستادا هەوای هەولێری پایتەخت بەپێی ستانداردە جیهانییەکان پاکبووەتەوە و کوالێتییەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. لەوبارەیەشەوە داوای لەسەرۆکایەتی زانكۆی سەڵاحەدین و ناوەندە ئەكادیمیەكان كرد، بە ئەنجامدانی كۆنفرانسی زانستی و پیشكەشكردنی توێژینەوەی تایبەت ئەو گۆرانە گەورەیە بخەنەڕوو.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لەو دیاردە ناشارستانییەكرا كە بەشێك لەو گەشتیار و هاوڵاتییانەی لە کاتی گەشت و سەیرانەكانیان رەچاووی پاکو خاوێنی شوێنە گشتیی و گەشتیارییەكان ناكەن و پیسی و پاشماوە و زبڵ خاشاک لە دوای خۆیاندا بەجدەهێڵن، كە ئەم رەفتارەش سەرباری ناشرینکردنی سیمای شوێنە گشتیی و گەشتیارییەكان، هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە مترسیدارەکان. بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی ناوبراوی كە پێكهاتووە لە نوێنەرانی سەرجەم دام دەزگاكانی حكومەت و بەرپرسیارە لە پرسی ژینگە و پاراستنی لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەكان وێڕای بەردەوامیدان بە هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتییان بۆ پاككڕاگرتنی ژینگە، توندترین ئیجرائات لەگەڵ هەموو ئەوانە بكرێت كە هۆكارن بۆ پیسكردنی ژینگە.
داواش لە هاووڵاتییان کرا وەك ئەرك و بەرپرسیاریەتییەكی مرۆیی و نیشتمانی و ئاینی پاکو خاوێنی ئەو شوێنانە ببپارێزن و پیسی و پاشماوە و زبڵ خاشاک لە دوای خۆیاندا بەجێنەهێڵن و هاوکاری تیمەکانی ژینگە پارێزی و شارەوانی و دامودەزگا فەرمییەکان بن بۆ پاک ڕاگرتنی ژینگەی بەنداو و شوێنە گەشتیاری و گشتیەكان. بۆئەوەی هەمیشە کوردستانمان بە سەوزایی و گەشاوەیی و ئاوەدانی و پاکی و تەندروستی بمێنێتەوە.
پارێزگاری هەولێر، هەروەها دووپاتی کردەوە کە ئامانجیانە هەولێر وەک شارێکی نموونەیی و ژینگەدۆست لەسەر ئاستی ناوچەکە بمێنێتەوە و داواشی لە هاوڵاتیان کرد وەک ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقی هاوکاری دام و دەزگا فەرمی و نیشتمانییەكان بن بۆ پاراستنی سروشت و ژینگەی کوردستان.
لە کۆتاییشدا، دوای گفتوگۆی ئامادەبووان، كۆبوونەوە چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەكیدا و لیژنەی ناوبراویشی ڕاسپێردرا بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ هوشیاری هاولاتییان و ئیجرائات وەرگرتن لەگەل سەپێچیكاران.


وەڵام بدەوه