پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، کارەکانی پڕۆژەی ڕێگای جووتسایدی هەولێر – کۆیە بەردەوامییان هەیە و تاوەکو ئێستا 25%ـی پڕۆژەکە تەواو کراوە، هاوکات لەسەر ڕەزامەندی سەرۆکی حکوومەت 8 کیلۆمەتری دیکە بۆ ڕێگاکە زیاد دەکرێت.
ڕۆژی سێشەممە 5ـئ ئایار، پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، کارەکانی پڕۆژەی ڕێگای جووتسایدی هەولێر - کۆیە بەردەوامییان هەیە و تاوەکو ئێستا 25%ـی پڕۆژەکە تەواو کراوە. هاوکات بڕیار دراوە هەشت کیلۆمەتری دیکە بۆ پڕۆژەکە زیاد بکرێت تاوەکو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بگاتە نێو شاری کۆیە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرەتا درێژیی پڕۆژەکە 34 کیلۆمەتر بووە، بەڵام دوای ڕەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەشت کیلۆمەتری نوێی بۆ زیاد کراوە. بەمەش ڕێگاکە دەگاتە نێو شاری کۆیە و بە شەقامی 60 مەتریی شارەکەوە دەبەسترێتەوە.
پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەشت کیلۆمەترە زیادەیە، بڕی 117 ملیار دیناری دیکە تەرخان کراوە، بەمەش کۆی گشتیی بودجەی پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر - کۆیە گەیشتووەتە 677 ملیار دینار.
پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر - کۆیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە ڕێکەوتی 10ـی 10ـی 2024 بەردی بناغەی بۆ دانراوە.


وەڵام بدەوه