وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕیارێکی نوێدا سەرجەم سزا داراییەکانی سەر شانی بازرگانان و خاوەن پێشەنگاکانی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل هەڵدەوەشێنێتەوە و ماوەی تۆمارکردنیشیان بۆ درێژ دەکاتەوە.
بەپێی فەرمانی وزاری ژمارە (١٣٩٣٥) کە لە ڕێکەوتی ١٣ی ئایاری ٢٠٢٦ بە واژووی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دەرچووە، بڕیار دراوە بە پێدانی مۆڵەتی ساڵێک بۆ تۆمارکردنی سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلانەی کە پێشتر هاوردە کراون و تا ئێستا تۆمار نەکراون.
ئەم هەنگاوەی وەزارەت بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و ڕەچاوکردنی دۆخی دارایی هاووڵاتییان نراوە، بەتایبەتی دوای ئەو قەیران و لێکەوتە نەرێنییانەی کە بەهۆی شەڕی نێوان (ئەمریکا و ئێران) بەر کەرتی بازرگانی و کەسابەتی خەڵک کەوت، کە بووە هۆی ئەوەی ڕێژەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو لە پێشەنگا و گەراجەکاندا بمێننەوە و ساغ نەبنەوە.
سوودمەندبووانی ئەم بڕیارە پێکدێن لە:
بازرگانانی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل.
خاوەن کۆمپانیاکانی بواری هاوردەکردن.
خاوەنی پێشەنگاکانی ئۆتۆمبێل.
هەر کەس و لایەنێک کە بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە نەیتوانیبێت ئۆتۆمبێل یان ماتۆڕسکیلەکانی بفرۆشێت یان تۆماریان بکات، لە بەرواری دەرچوونی ئەم فەرمانەوە بۆ ماوەی یەک ساڵ مۆڵەتی بۆ درێژ دەکرێتەوە و لە پرۆسەی تۆمارکردندا هیچ سزایەکی دارایی نایانگرێتەوە.
#kurdistanpress


وەڵام بدەوه