بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، ئەمڕۆ 30ی ئەیلوولی 2026 دوایین ڕۆژە بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان. هاوپەیمانان لە شەڕی دژی تیرۆر و هەروەها لە گەڕاندنەوە و بەهێزکردنی سەقامگیری لە عێراقدا پشتیوانی هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بوون.
هێزەکانی هاوپەیمانان لە ماوەی مانەوەیاندا یارمەتییەكی زۆری هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەیان دا و تەنانەت قوربانیی زۆریشیان دا. ئێستاش دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیان، ئەوە لە داهاتوودا بۆ حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەجێدەمێنێت کە بەپێی هەلومەرجەکان و لەپێناو پاراستنی سەقامگیریدا، ڕێککەوتنی دووقۆڵی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیماندا بکەن.
لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بکەین، ڕۆڵیان لە تێکشکاندنی داعش و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ عێراق جێگەی پێزانین و ڕێزگرتنێکی زۆرە. هەروەها سڵاو بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان دەنێرین و یادیان هەمیشە بە بەرزی دەمێنێتەوە.
لەبارەی هەرێمی کوردستانیشەوە زۆر کەس لەڕووی پەرۆشی و هەندێکیش لەڕووی ڕق و لێکدانەوەی نادروستەوە وای بۆ دەچن کە بە نەمانی هێزەکانی هاوپەیمانان ئیدی هەرێمیش دەکەوێتە ژێر هەڕەشە و کۆتایی پێدێت. دەمەوێ خەڵکی خۆشەویستی کوردستان لەوە دڵنیا بکەمەوە کە هەماهەنگییەکی زۆر باش لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵدا هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشە و مەترسییەک، جا ئەو هەڕەشەیە لەژێر ناوی داعشدا بێت یان هەر ناوێکی تر.
هەر کەسێک و لایەنێکیش خەیالی ئەوەی هەبێت ببێتە هەڕەشە و زیان بە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بگەیەنێت، با بزانێت لە کوردستاندا بەقەد پێویست پێشمەرگە و قارەمان و گیانفیدای وڵات هەن کە بەرگری لە خەڵک و خاکی کوردستان بکەن و هەموو هەڕەشە و دەستدرێژییەک تێکبشکێنن. هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش کە ڕەگی لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستاندا هەیە و زادەی خوێنی شەهیدان و فرمێسکی دایکە شەهیدانە، هەر دەمێنێتەوە. هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ هێزەکانی عێراقی فیدڕاڵدا، ئامادەن بۆ بەرگری، پاراستنی سەقامگیریی وڵات و نەهێشتنی هەموو جۆرە هەڕەشە و مەترسییەک.
مسعود بارزانی
30ی ئەیلوولی 2026


وەڵام بدەوه