ئه‌نجوومه‌نی دۆلارفرۆشانی هه‌ولێر باس له به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار و هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌كەی ده‌كات و ئه‌وه‌ش ده‌خاته روو، كه بانكی ناوه‌ندیی عێراق 150 ملیۆن دۆلاری كه‌م كردووه‌ته‌وه و نایخاته بازاڕه‌وه.
محه‌مه‌د حوسێن، ناوسراوه به محه‌مه‌دی دۆلار، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی بازاڕی گۆڕینه‌وه‌ی دراو له هه‌ولێر ئاشکرایکرد: "بانكی ناوه‌ندیی عێراق بڕی زۆر كەم دۆلا ده‌نێرێته بازاڕه‌كان به به‌راورد بە یه‌ك هه‌فته‌پێش ئێستا، كە رۆژانه 200 ملیۆن دۆلاری ده‌خسته بازاڕ، ئێستا 56 ملیۆن دۆلار ده‌خاته بازاڕ یان 76 ملیۆن دۆلاره و له بانكی ناوه‌ندیی عێراق دۆلار و ئاڵوگۆڕی دۆلار گه‌نده‌ڵیی زۆری كه‌وتووه‌ته ناو و به‌قاچاغ ده‌نێردرێت بۆ ئێران و سووریا و به‌شی ناوخۆیی خۆمان ناكات."
گوتیشی: "ئێستا له ئێران بڕیارێك هاتووه، هه‌ر كه‌سێك به‌شداری له خۆپیشاندان بكات، ده‌ست به‌سه‌ر كارتی بانكییەكەیدا ده‌گیرێت، بۆیه سه‌رمایه‌دار و ده‌وڵه‌مه‌ندانی ئێران، كه به‌های 4 ملیار تمه‌ن، یان 6 ملیار تمه‌نیان له بانكه، ئه‌گه‌ر وه‌ك پاره رایكێشن ئه‌وه‌نده زۆره دوو ژوور پڕ دەكا، بۆیه ده‌بێت چه‌ند پاسه‌وانێك بگرن بۆ پاراستنی، بۆیه دەیگوازنەوە بۆ كارت بانكی سه‌رافه‌كانی ئێران، سه‌رافه‌كانی ئێرانیش حه‌واڵه‌ی ده‌كه‌ن بۆ شاره‌كانی عێراق و ده‌یكه‌نه‌وه بۆ دۆلار و ده‌ینێرنه‌وه بۆ ئێران، به‌داخه‌وه خه‌ڵكێكی زۆریش په‌یوه‌ندیی به بابه‌تی دۆلارەوە نییه، هاتووه قه‌ره‌باڵغی له بازاڕی دۆلار دروست ده‌كات، ئه‌وه‌ش وای كردووه جۆرێك له شڵه‌ژان دروست بێت."
محه‌مه‌دی دۆلار، گوتیشی: "محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكی حكوومەتی عێراق فه‌رمانی كردووه، كه نرخه‌كه هاوسه‌نگ بكرێته‌وه و كاتی خۆیشی ئێمه بانكه‌كانی كوردستان داوامان له بانكی ناوه‌ندیی عێراق كرد، كه دۆلارمان به 146 هه‌زار بده‌نێ، ئێمه‌ش به 147 ده‌یده‌ینه‌وه به خه‌ڵك، به‌ڵام نه‌یان كرد و دایانه كۆمپانیاكانی نزیك له خۆیان، بۆیه له ساڵی 2021 له به‌غداوه به ئێمەیان گوت ئێوه دوو هەزار و 200 كۆمپانیای حه‌واڵه‌ن، بڕۆن بیكەن به یه‌ك كۆمپانیا، یان چه‌ند كۆمپانیایه‌ك، به‌و شێوه‌یه ده‌تان ده‌ینێ، ئه‌و هه‌موو خه‌رجییه‌یان به ئێمه كرد، كه‌چی وه‌ڵامیشیان نه‌داوینه‌ته‌وه.“
راشی گه‌یاند: "عێراق لەبری ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتییانی بووێت، هاتووه به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران جێبه‌جێ ده‌كات، ئه‌وه‌تا به‌رمیلی نه‌وتی ئێران له 80 دۆلاره‌وه به‌هۆی گه‌مارۆكانی سه‌ری هاتووه‌ته‌وه بۆ 40 دۆلار و ناچاره بۆ چاره‌سه‌ریی كورتهێنان دۆلاری عێراق ده‌بات، بۆ ئه‌وەی پاره‌كه‌ی پێ هاوسه‌نگ بكات، بۆیه ئێستا بانكی ناوه‌ندیی عێراق له ترسی ئه‌مه‌ریكا 150 ملیۆن دۆلاری رۆژانه‌ی كه‌م كردووه‌ته‌وه."
ئەو ئه‌ندامەی ئه‌نجوومه‌نی بازاڕی گۆڕینه‌وه‌ی دراو له هه‌ولێر گوتیشی: "بۆ داهاتوو رێكکاره‌كان توندتر ده‌كرێن، چونكه رۆژانه پاره‌یه‌كی یه‌گجار زۆر له عێراقه‌وه ده‌چێته ده‌ره‌وه، بۆیه ئه‌مه‌ریكا ئێستا سیسته‌مێكی ئه‌لیكترۆنی داناوه بۆ عێراق، كه هه‌ر بانكێك دیاری كراوه چه‌ند پاره وه‌رده‌گرێت و ده‌نێرێت، له‌و بڕه زیاتر بكات سزا ده‌درێت و ده‌بێت لیستی هاتن و چوونی پاره‌كه‌ی دیاركراو و سنووردار بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و سیسته‌مه دابنرێت، ئه‌و چوونه‌ده‌ره‌وه‌یه نامێنێت."
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، عێراق پاره‌ی یەدەگی له بانكی ناوەندی ده‌گاتە 96 ملیار دۆلار و 134 هه‌زار تەن زێڕیشی هه‌یه وه‌ك یه‌ده‌گ و جگه له گه‌ندەڵی هیچ ئابڵووقه‌یه‌كیشمان له‌سه‌ر نییه، ئه‌ی بۆچی ده‌بێت عێراق به‌ئاسانی وای لێبكرێت و به‌های پاره‌كه‌ی بێ نرخ بكرێت؟.
محه‌مه‌د دۆلار ئه‌وه‌شی خسته روو: "خه‌ڵكێكی زۆر له كوردستان به‌هۆی ئه‌و ئاڵوگۆڕی دراو زەرەرمه‌ند بوونە."
وەڵام بدەوه