دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پارەی تەرخان کرد بۆ ئەوەی ئەمساڵیش دەرماڵە بدرێتە قوتابییان، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە دابەشکردنی دەرماڵەکە بکرێت.
سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، دکتۆر کامەران یونس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە لیستی ناوی قوتابییانمان بۆ وەزارەتی دارایی ناردووە بۆ خەرجکردنی دەرماڵە و، چاوەڕێی وەزارەت دەکەین بۆ ئەوەی دەرماڵەیان بۆ خەرج بکرێت، بۆیە ئێمە هەموو ڕێکارەکانمان تەواو کردووە، نزیکەی 20 هەزار قوتابی لەو دەرماڵەیە سوودمەند دەبێت و چاوەڕێ دەکەین کە دەست بە خەرجکردنی بکرێت.''
هەر لەم بارەیەوە، نێچیرڤان کەلاری، سکرتێری یەکێتیی قوتابییانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''وەزارەتی دارایی داوای لە زانکۆکان کردووە لیستی ناوی قوتابییانیان بۆ ڕەوانە بکەن بۆ خەرجکردنی دەرماڵە و لیستەکانیان ڕەوانە کردووە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەرماڵەکە خەرج دەکرێت.''
نێچیرڤان کەلاری گوتیشی: ''خۆی حکوومەت پارەی تەرخان کردووە و ڕەزامەندییش هەیە و ڕێکارماون تەواو بکرێت دەست بە جێبەجێکردنی دەرماڵەکە دەکرێت.''
کەلاری باسی لەوەش کرد: ''ئەو قوتابییانەی ناوخۆی شارەکان 40 هەزار دینار و ئەوانەی بەشە ناوخۆیییەکان و خەڵکی دەرەوەی شارن 60 هەزار دینار و ئەوانەی دەرەوەی شارن و لە بەشە ناوخۆیییەکان نین ئەوان 100 هەزار دیناریان پێ دەدرێت.''
بڕیارە پێدانی دەرماڵە بە قوتابییان لە سەرەتای ساڵی خوێندنەوە لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردووەوە بۆیان هەژمار بکرێت.
وەڵام بدەوه