چل میلیارد دۆلار وەک قەرەبو
لە پێنگاڤێکی مێژوویدا حکومەتی کەنادا بریاریداوە بە قەرەبوکردنەوەی خەڵکە رەسەنەکەی کەنادا بە بڕی چل ملیارد دۆلار.
ئەو بریارەی حکومەتی کەنەدا لە چەشنی حکومەتێکی هەڵبژێردراوی خاوەن پرەنسیپی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و دیموکرات، دەرخەری گرینگی پێدان و بە تەنگەوە هاتنیەتی بۆ پرسی پێکەوەژیان و پاراستنی مافی گشتی و یاسایی کەمینەکانیەوە.
بە درێژایی ساڵانی کۆچی خەڵکە سپی پێستەکەی ئەورووپا بۆ کاناداو رێک لەساڵانی سەرەتای کەوتنە سەرپێی ئەم وڵاتە، خەڵکە رەسەنەکی لە لایەن گرووپە کۆچەریە سپی پێستە ئەورووپیەکانەوە بە دڕندەترین شێوە کەوتنە بەر پەلاماردان و ترسو توقاندن و قەڵاچوکردنەوە.
زیاد لە مەش کۆچەرە تازەکان بەدەست بەسەرداگرتنی خاک و نیشتیمانی خەڵکە رەسەنەکەو و بردنی خێرو بێریان، بناغەی ئەم وڵاتەیان لەسەر خوێن و ئارەقەی خەڵکە رەسەنەکە دارشت و دواجار هەر خۆشیان کرد بە سەرۆک و سەردارو حوکمرانی وڵاتی کەنەدا و نادیدەگرتنی بەخشینی گشت مافێکی یاسایی و ئاسایی هاوڵاتیبوون بە کەنەدیە رەسەنەکانەوە.
بەخشینی بڕی چل ملیارد دۆلار وەک قەرەبوکردنەوەی ساڵانی زولم و زۆرداری و ستەم و پێشێلکاری لە لایەن حکومەتی کەنەداوە، هەنگاوێکی تابڵێی گرینگو جێی تیڕامانە.
هەنگاوێک، دەبووایە حوکمرانانی ئێستای بەغدا لە جیاتی بڕینی بودجەو گڵدانەوەی شایستەداراییەکانی هەرێم و چارەسەرنەکردنی پرسی خاک و جوغرافیاوە، دەمێک بوو کاریان بۆ بکردایەو قەرەبوی ئەنفال و کیمیاباران و راگواستنی زۆرەملێ و تەعریب و کاولکاریەکانی کوردستانیان بکردایەتەوە.
لێ هاویشتنی هەر پێنگاڤێکی لەمجۆرە تەنیا لەو سیاسی و حکومەتانە دەوەشێتەوە تاسەر ئێسقان بروایان بە فەلسەفەی پێکەوەژیان و هاوبەشی و دیموکراسی و مافی مرۆڤەوە هەبێ و هەڵگری بیری تائیفی و رەگەزپەرەستی و هزری براگەوراتی و خۆسەپێنەوە نەبن.
وەڵام بدەوه