Kurdistan Press - ئەو زیندانەی هەموو مرۆڤایەتی شۆۆککرد ئەو زیندانەی هەموو مرۆڤایەتی شۆۆککرد | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ئەو زیندانەی هەموو مرۆڤایەتی شۆۆککرد

زیندانی سیدنایە گرتووخانەیەكی سەربازییە لە نزیك دیمەشقی پایتەختی سووریا و دوای دروستكردنی لە ساڵی 1987 كرایەوە، ئەو گرتووخانەیە چەندان تایبەتمەندیی هەبووە بۆ ئازاردانی گیراوان.

ئەو زیندانە بۆ گرتنی هەزاران گیراوی مەدەنی و دژە حكوومەتی بەعس و سیاسی بەكار دەهێنرا. بە نهێنیترین و دڕندەترین زیندان ناو دەبرێت و دەكەوێتە نزیك شارۆشكەی سیدنایە كە نزیكەی 30 كیلۆمەتر لە باكوری دیمەشق دوورە، سەرەتا بە یەكەی مەشقی سەربازی دادەنرا، بەڵام دواتر بۆ هەزاران گیراوی مەدەنی و دژە حكوومەت و زیندانی سیاسی بەكار هێنرا.

ئەو زیندانە بەدناوترین زیندانی ڕژێمی ئەسەد بوو و بە سیمبولی ئەشكەنجەدان و دەستدرێژیی سێكسی و لەسێدارەدانی بەكۆمەڵە ناسرابوو.

ڕوانگەی مافەكانی مرۆڤی سووریا لە مانگی كانوونی دووەمی 2021، مەزەندەی كرد لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سووریاوە، 30 هەزار گیراو لە زینداندا بەهۆی ئەشكەنجەدان و خراپ مامەڵەكردن و لەسێدارەدانی بەكۆمەڵ لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە بەشێوەیەكی دڕندانە كوژرابن، لە كاتێكدا ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە مانگی شوباتی 2017دا، مەزەندەی كرد لە نێوان مانگی ئەیلوولی 2011 و كانوونی یەكەمی 2015 لە نێوان 5000 بۆ 13000 كەس لە سیدنایە بەشێوەیەكی دڕندانە لە سێدارە دراون.

بەندكراوێكی پێشوو كە بەهۆی بەشداریكردن لە خۆپیشاندانێكی ئاشتیخوازانەی بێ توندوتیژی لە زینداندا گیراوە، بە رێكخراوێكی نێودەوڵەتی دەڵێت، گیراوانی سیدنایە ناچار كراون خۆیان بكوژن یان خزم یان هاوڕێیەكیان بكوژن.

 ئەو گوتی، گیراوەكان نەچار دەكرێن گۆشتی مرۆڤ بخۆن، هەروەها لقێكی ئەو زیندانە بە زیندانی (215) ناسراوە كە بۆ لێپرسینەوە بوو، هەرچەندە بە ئەشكەنجە و كاتێكی كەم لێپرسینەوەكان تەواو دەبوو، دەگوازرانەوە بۆ هۆڵی گەورەی سیدنایە بۆ ئەوەی بمرێت لە تاو برینەكانی.

دەشڵێت، ئەشكەنجەدانی نامرۆڤانە لە زینداندا ئەنجام دراوە، هەر لە لێدانی توند، دەستدرێژی سێكسی، سەربڕین و بەكارهێنانی تەختەی لوولی دڕكاوی و سووتاندن.. هتد، روانگەی مافەكانی مرۆڤ لە ساڵی 2017 ڕای گەیاند، كە شوێنێك لە زیندانەكەدا دروست كراوە بۆ فڕێدانی تەرمی ئەو كەسانەی لە سێدارە دراون، دەسووتێنرێن و بە كەسوكاریان نادرێنەوە.

لە هەشتی كانوونی یەكەمی 2024، ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەستیان بەسەر گرتووخانەكەدا گرت كاتێك بەرەو دیمەشق پێشڕەوییان دەكرد، لەوێ بەڕێوەبەرایەتیی زیندانەكە ڕازی بوو زیندانەكە ڕادەستی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن بكات، لە بەرانبەر كشانەوەی بەسەلامەتی لە زیندانەكە، دواتر گیراوەكان ئازاد كران.

زیندانەكە لە دوو باڵەخانە پێكهاتووە و لە نێوان 10 بۆ 20 هەزار گیراوی تێدا بووە، لە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگریی سووریای سەردەمی ئەسەد بووە و لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی گشتییەوە بەڕێوە دەبرا.

 لە دوای شۆڕشی ساڵی 2011دا ناوبانگی زیندانی سیدنایە بڵاو بووەوە، ئەم شێوازە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سەركۆنە و ڕەخنەی لێ گیراوە بەتایبەتی لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان.

بەگوێرەی شایەتیدانی ئەو گیراوانەی كە لێبوردنی نێودەوڵەتی چاوپێكەوتنی لەگەڵدا كردووە، ئەم دادگاییكردنانە لە یەك بۆ سێ خولەك زیاتر نەخایاندووە. هەندێك لە گیراوەكان رایان گەیاندووە، پێیان گوتراوە كە دەگوازرێنەوە بۆ زیندانی مەدەنی، بەڵام لە جیاتی ئەوە لە سێدارەیان دەدەن. هەندێكیان تەنانەت نەهێنراونەتە بەردەم دادوەر.

زیندانی سیدنایە بە بەناوبانگترین تۆڕی زیندانەكانی ڕژێمی ئەسەد دادەنرێت و سیمبولی سەركوتكردنی ئەشكەنجە و دەستدرێژیی سێكسی و لەسێدارەدانی بەكۆمەڵ لەلایەن ڕژێمەوە دادەنرێت. لە ساڵی 2012 هیومان ڕایتس وۆچ بەڵگەی لەسەر بوونی 27 گرتووخانە لە سەرانسەری سووریا تۆمار كرد كە زۆربەیان لە دیمەشق بوون. بەگوێرەی تۆڕی مافەكانی مرۆڤی سووریا، زیاتر لە 136 هەزار و 614 كەس كە 3698 منداڵ و 8504 ئافرەتیان تێدایە، لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سووریا لە نێوان ئاداری 2011 و كانوونی یەكەمی 2024 لە زیندانەكانی سووریا دەستبەسەر كراون.

ژووری خوێ

گیراوەكان دەگێڕنەوە لانی كەم دوو ژوور هەبوون كە بە "ژووری خوێ" ناسراون، یەكەمیان لە سەرەتای ساڵی 2013 كرایەوە. یەكێكیان لە نهۆمی یەكەمی باڵەخانكە بوو، ژوورێكی لاكێشەیی بوو بە ئەندازەی 20×26 پێ بوو. ئەوی تریان 13×16 پێ بوو و تەوالێتی نەبوو. ژوورەكان چینێك خوێی تێدابوو بە بەرزی 20 سانتیمەتر.

لە ژووری خوێ‌ وەك مردووخانە بۆ هەڵگرتنی تەرمەكان بەكار هاتووە، ئەوەش لە نەبوونی ساردكەرەوە. كاتێك گیراوێك لە سیدنایە دەمرد، تەرمەكەی لەگەڵ باقی زیندانییەكان بۆ ماوەی دوو بۆ پێنج ڕۆژ لە زیندانەكەدا جێدەهێڵرێت و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ ژووری خوێ. خوێی درشتی بەكارهاتوو لە سیدنایە لە پارێزگای حەلەبەوە ئەو خوێیە هاتووە.

یان هەر گیراوێك ئەشكەنجەیان دابێت و جەستەی برینی پێوە بیت، هەڵیانداوەتە سەر ئەو خوێیە تا برینەكانی ئازاری هەبێت و ببرژێتەوە.

بەرزكەرەوەی ئۆتۆماتیكی

ئامێرێكی ئۆتۆماتیكی لە زیندانەكەدا هەیە بەپێی ئەوانەی بینیویانە، تێدا دەردەكەوێت بۆ فڕێدانی تەرمی گیراوەكان دوای لەسێدارەدانیان بە هەڵواسین بەكار هاتووە، هەندێكیش دەڵێن لەوانەیە بۆ لەسێدارەدانی گیراوەكان بە برینداری بەكار هاتبێت، هەندێكی تر ئاماژەیان بەوە كردووە كە تەنیا بەرزكەرەوەیەكی ئۆتۆماتیكی بووە بۆ گواستنەوەی تەرمەكان دوای لەسێدارەدان.

سووتاندنی مردووەكان

لە 15ی ئایاری 2017، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا حكوومەتی سووریای تۆمەتبار كرد بە بەكارهێنانی ئامێری سووتاندن بۆ شاردنەوەی ئەو كوشتارانەی كە لە زینداندا ڕوویان داوە، هەروەها شاردنەوەی بەڵگەكان بۆ دادگاییكردنی تاوانەكانی جەنگ لەسەر بنەمای وێنەی مانگە دەستكردەكان.

بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی كۆمەڵەی گیراوەكانی سیدنایە، لە ساڵی 2011 تا 2020 نزیكەی 30 هەزار كەس چوونەتە زیندانەوە كە تەنیا حەوت هەزار كەسیان ئازاد كراون، ئەوانی تر یان بە نایاسایی كوژراون یان بێسەروشوێن بوون.

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه