شەوی رابردوو هێزەكانی هەسەدە بەتەواوی منبجیان كۆنترۆڵ كردەوە، ئەمەریكاش رای گەیاند، هێزەكانیان لە باكوری سووریا زیاتر كردووە و بەپێی پێویستی زیاتری دەكەن
هەسەدە رای گەیاند، لە هێرشێكی بەرفراواندا بۆ سەر منبج و دەوروبەری، شەوی رابردوو تەواوی هێزەكانی نزیكی توركیا لەو سنوورە وەدەر نراون و هێزەكانی هەسەدە كۆنترۆڵی ناوچەكەیان كردووە و زیانێكی زۆریان لەو هێزانە داوە.
ئەوە دوای ئەو هەوڵانەی ئەمەریكا بوون بۆ ئاگربەست لە ناوچەكە، بەڵام هەسەدە لەمبارەیەوە گوتی، ئەو هێزانە بەردەوام بوون لە شكاندنی ئاگربەست و بەناچاری بۆ ئەوەی ناوچەكە لە مەترسی پاك بكرێتەوە، هێرشیان كردوونەتە سەریان و لە سنووری منبج وەدەریان ناون.
فەرماندەی هێزەكانی ناوەندی ئەمەریكا (سێنتكۆم) رای گەیاند، لە پارێزگەی دێرەزووری سووریا هێرشێكی "ورد"یان كردووەتە سەر چەكدارانی داعش، لە ئەنجامدا دوو چەكداری داعش كوژران و یەكێكیش برینداربوو.
رۆژی دووشەم 23ـی كانوونی یەكەمی 2024، جەنەراڵ پات رایدەر گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا (پێنتاگۆن) لە راگەیەنراوێكدا لەبارەی ژمارەی سەربازانی سوپای وڵاتەكەی لە سووریا گوتی: "ئێستە نزیكەی دوو هەزار سەربازمان لە سووریا بۆ پاڵپشتیكردن لە ئەركی شكستپێهێنانی داعش هەیە".
پات رایدەر ئاماژە بەوەش دەكات، جگە لە 900 سەرباز كە لە ئەركی درێژخایەندان، نزیكەی هەزار و 100 سەربازی تری ئەمەریكیش لە سووریادا هەن، كە بۆ ماوەیەكی كورتتر وەك پاڵپشتیكاری كاتی جێگیر دەبن بۆ پاڵشتیكردن لە پاراستنی هێزەكان، وەك گواستنەوە، چاككردنەوە و دابینكردنی ئەو پێداویستییانەی كە لە كاتی ئۆپراسیۆنەكان پێویستن.
ژمارەی ئەو سەربازە ئەمەریكییانەی كە بەشێوەیەكی كاتی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە سووریا بوون، بەگوتەی پێنتاگۆن، بەگوێرەی پێویستییەكان گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە و زیاد و كەمیان پێ كراوە.
هەروەها پێنتاگۆن دەشڵێت، بەهۆی رەچاوكردنی دۆخی تەناهیی ئۆپراسیۆنەكان و رەچاوكردنی دیپلۆماسی و سروشتی گەڕۆكی ئەو هێزانە، ژمارەی ئەو هێزانە ئاشكرا نەكراوە كە بۆ ماوەیەكی كورت لە سووریا ماونەتەوە.
وەڵام بدەوه