كەناڵی (سكاینیوز)ی عەرەبی بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی 12ی 2024، هێزە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا و بەندەری حەدیدەیان بۆردوومان كرد.
ئەم هێرشانەی ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی سەنعا، لە كاتێكدا بووە كە عەبدولمەلیك حووسی، سەركردەی میلیشیا حووسییەكان، ڕاستەوخۆ لێدوانی دەدا و باسی لە بەرگریی بەردەوامییان لە غەزە دەكرد.
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی باسی لەوە كردووە، ئیسرائیل هێرشی فراوان و توندی كردووەتە سەر ژێرخانی وزە و ئابووریی سەنعا لە یەمەن و پرۆسەكەش بە ئاگاداریی ئەمریكا بووە.
كەناڵی 12ی ئیسرائیلی باسی لەوە كردووە، ئامانج لە هێرشەكان، لەكارخستنی فڕۆكەخانەی سەنعا و بەندەری حەدیدە بووە، كە بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە وێستگەی كارەبا لە رەئس خەتیب و زیانگەیاندنی بە تاوەری چاودێریی فڕۆكەخانەكە.
بەشێك لە سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، زیانگەیاندنەكە بە فڕۆكەخانەكە لە ئاستێكدا بووە، كە چیتر بەكەڵكی بەكارهێنان نایەت.
وەڵام بدەوه