ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕۆژنامەی (تایمز)ی بەریتانی ئاشکرای کرد، ئێران بۆ یەکەم جار بەنهێنی مووشەکی دوورهاوێژی پێشکەوتووی بۆ میلیشیا چەکدارەکانی عێراق دابین کردووە.
بەپێی ڕۆژنامە بەریتانییەکە، هەفتەی رابردوو، ئەو مووشەکانە بە قاچاخ لە سنووری ئێران و عێراق، کە نزیکەی 1000 میل درێژ دەبێتەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی تەواو نهێنی ئەنجام دراوە.
ڕۆژنامەکە ئەوەیشی خستووەتە ڕوو، کە ئێران جگە لە مووشەکی بالستیی کورتمەودای وەک قودس 351 و جەمال 69، جۆری نوێی مووشەکی دوورهاوێژیشی گواستووەتەوە، کە پێشتر لە دەستی ئەو ملیشیایانەدا نەبووە و لە ڕووی تیۆرییەوە ڕێگەیان پێدەدات شوێنە دوورەکان بکەنە ئامانج، کە ڕەنگە ئەورووپا بگرێتەوە.
ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی هەواڵگریی هەرێمییەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەم هەنگاوە ڕەنگدانەوەی مانۆڕێکی بێهیوای ئێرانە، کە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.
بە گوێرەی راپۆرتە هەواڵگرییەکان، گواستنەوەی ئەو مووشەکانە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانەوە رێک خراوە، ئەمەش بێ گوێدانە هۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، کە هەڕەشەی ئەوەی کردووە تاران باجێکی قورس ئەدات لە دابینکردنی چەک بۆ چالاکیی میلیشیا كرێگرتەکانی.
ئەمە یەکەمین جارە تاران ئەم جۆرە لە مووشەکی پێشکەوتوو دەگەیەنێتە میلیشیا كرێگرتەکانی لە عێراق، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ناوچەکە بباتە قۆناغێکی نوێی ململانێی نێوان تاران و واشنتۆن و ئاڵۆزترکردنی بارودۆخی ئاسایشی عێراق و کەنداو.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئەمریکییەکان هۆشدارییان داوە، کە بەردەوامیی چالاکیی میلیشیا چەکدارەکان لە عێراق بە پشتیوانیی سوپای پاسدارانی ئێران، لەوانەیە ببێتە هۆی هێرشی ئاسمانیی ئەمەریکا بۆ سەر ئەو گرووپانە لەسەر خاکی عێراق، ئەگەر هەنگاوی ڕاستەقینە بۆ هەڵوەشاندنەوەیان نەنرێت.
پێشتر ئاژانسی (ڕۆیتەرز) لە زاری فەرماندەیەکی کەتائیبی حزبوڵاوە گوتبووی، ترەمپ ئامادەیە شەڕەکە لەگەڵ ئێمە بگەیەنێتە ئاستێکی مەترسیدارتر و ئێمە باش لەوە دەزانین، بەڵام دەمانەوێت خۆمان لەو سیناریۆ کارەساتبارە بپارێزین.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی (تایمز) بڵاوی کردەوە، کە هەندێک لەو مووشەکانەی ئێران گواستوویەتییەوە بۆ عێراق، سنوورەکانی ناوچەکەیان تێپەڕاندووە و گەیشتوونەتە کیشوەری ئەورووپا و ئەمەش نیگەرانییەکی زیاتری دروست کردووە سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەو چەکانە بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نێودەوڵەتی.
جێی باسە، لەنێو ئەو هەنگاوانەدا، سەرچاوە باڵاکانی نێو ئەو گرووپە میلیشیایانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە سوپای پاسداران گڵۆپی سەوزی پێداون بۆ وەرگرتنی ئەو بڕیارانەی، کە بە گونجاوی دەزانن بۆ چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی سەرتاسەری لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.
وەڵام بدەوه