دوای ئه‌و هێرشه‌ی شه‌وی رابردوو هیندستان كردیه سه‌ر پاكستان، دۆخی ناوچه‌كه به ته‌واوی ئاڵۆز بووه و پێشبینی ده‌كرێ جه‌نگه‌كه له نێوان ئه‌و دوو وڵاته ئه‌تۆمییه‌دا، ته‌شه‌نه بستێنێت و گه‌وره‌تر ببێت. سه‌رۆك وه‌زیرانی پاكستان به فه‌رمی رای گه‌یاند، بۆ ئه‌و هێرشه وه‌ڵامێكی جه‌رگبڕیان ده‌بێت.
به‌ره‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌م سوپای هیندستان به فه‌رمی بڵاوی كرده‌وه، نۆ شوێنی پاكستانیان كردووه‌ته ئامانج و ئۆپراسیۆنه‌كه‌یان زۆر ورد و پلانداڕێژراو بووه. له به‌رانبه‌ردا سوپای پاكستان رای گه‌یاندووه، 26 كه‌سیان كوژراوه و 46 كه‌سی تریان بریندار بوون. ئاماژه‌یشیان داوه ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ی هیندستانیان خستووه‌ته خواره‌وه.
شه‌هباز شه‌ریف سه‌رۆك وه‌زیرانی پاكستان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌م حه‌وتی ئایار له به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاوی كرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی ئه‌و مافه‌ی هه‌یه وه‌ڵامی ئه‌و هێرشه‌ی هیندستان بداته‌وه.
هاوكات خواجێ ئاسێف وه‌زیری به‌رگریی پاكستان به میدیاكانی راگه‌یاند، هیندستان شوێنه ناسه‌ربازییه‌كانی كردووه‌ته ئامانج، بۆیه‌ش به‌ڵێن ده‌ده‌ن تۆڵه بستێنێته‌وه و وه‌ڵامی جه‌رگبڕیان بۆ هیندستان هه‌بێت.
هه‌ر ئه‌مڕۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پاكستان، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی ئاگادار كردووه‌ته‌وه كه له كات و شوێنی گونجاو‌دا وه‌ڵامی هێرشه‌كه‌ی هیندستان ده‌ده‌نه‌وه و به‌پێی ماده‌ی 51ی جاڕنامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌و مافه بۆ پاكستان پارێزراوه. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پاكستان گوتی ئه‌وه‌ی هیندستان كردوویه‌تی دژی ئاشتیی جیهانی و ئاسایشی پاكستانه.
ئاڵۆزییه‌كان له‌وه‌وه ده‌ستی پێ كرد كه 23ی مانگی نیسان له كشمیر ژماره‌یه‌ك چه‌كدار ته‌قه‌یان له گه‌شتیاران كرد و به‌هۆیه‌وه 26 كه‌س كوژران و 17ی تر بریندار بوون. رووداوه‌كه به كاره‌ساتبارترین رووداوی تیرۆریستی له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی رابردووی هیندستان لێك درایه‌وه. ئه‌وكات ئارندرا مودی سه‌رۆك وه‌زیرانی هیندستان، هێرشه‌كه‌ی به تیرۆریستی ناساند و هه‌ڕه‌شه‌ی كرد كه بكه‌رانی سزا ده‌دات.
به‌پێی ئه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ی ئه‌مڕۆی هیندستان بێت، به‌رانبه‌ر ئه‌و 26 كه‌سه‌ی كوژرابوون، 26 پاكستانییان كوشتووه‌ته‌وه و هیندستان لای خۆی ده‌ره‌نجامه‌كه یه‌ك به یه‌ك ده‌زانێت و كێشه‌كه لای ئه‌وان كۆتایی هاتووه، ئه‌گه‌ر پاكستانیش پێی رازی بێت به‌ڵام زه‌حمه‌ته پاكستان رازی بێت و وه‌ك له سه‌ره‌وه خرایه روو، پاكستان خۆی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه ئاماده ده‌كات. هیندستان به‌ره‌ی به‌رگریی كشمیری به هێرشه‌كه‌ی 23ی نیسان تۆمه‌تبار كردبوو كه له‌لایه‌ن پاكستانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن.
هێرشه‌كه‌ی هیندستان چاوه‌ڕوانكراو بوو، چونكه له كۆتایی مانگی رابردووی نیسان وه‌زیری هه‌واڵگریی پاكستان گوتبووی، زانیاریی وردیان پێگه‌یشتووه كه له ماوه‌ی 24 تا 36 سه‌عاتی داهاتوو هیندستان هێرش ده‌كاته سه‌ر پاكستان، به‌ڵام هێرشه‌كه دوای هه‌فته‌یه‌ك رووی دا.
چوارشه‌می رابردوو 30ی نیسان نارندرا مودی سه‌رۆك وه‌زیرانی هیندستان، فه‌رمانی به سوپای وڵاته‌كه‌ی دا تۆڵه‌ی قوربانیانی هێرشه تیرۆریستییه‌كه‌ی كشمیر بستێننه‌وه.
كشمیرییه‌كان تا 2019 جۆرێك ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییان هه‌بوو، به‌ڵام نارندرای سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌و مافه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، بۆیه له‌و كاته‌وه پشێوییه‌كان له كشمیر زیاتر بوون.
زۆربه‌ی دانیشتووانی كشمیر مسوڵمانن و داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن، به‌ڵام هیند قبووڵی نه‌كردووه و به‌شێك له دانیشتووانی كشمیریش ده‌خوازن به پاكستان بلكێنرێن و له‌لایه‌ن پاكستان پاڵپشتی ده‌كرێن.
هه‌ردوو وڵاتی هیندستان و پاكستان خاوه‌ن بۆمبی ئه‌تۆمین و ئه‌و مه‌ترسییه له ئارادایه ئه‌گه‌ر جه‌نگه‌كه گه‌وره‌تر ببێته‌وه، ئه‌و چه‌كه دژی یه‌كتر به‌كار بهێنن كه له‌و كاته‌دا كاره‌ساتی زۆر گه‌وره‌ی به‌دواوه ده‌بێت.
وەڵام بدەوه