لە دوای كوژرانی زۆرینەی سەركردە سیاسی و فەرماندە مەیدانییەكانی بزووتنەوەی حەماس لە دوای هێرشەكەی بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل رای گەیاند كە محەمەد سنواری سەركردەی حەماسی لە كەرتی غەزە، برای یەحیا سنوار سەرۆكی كوژراوی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەكە كردووەتە ئامانج.
رۆژنامەی "یدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی رتی گەیاند، سوپای ئیسرائیل هەوڵی كوشتنی محەمەد سنواری لە خان یوونس بە بەكارهێنانی بۆمبی دژە حەشارگەكان داوە، لە ناوچەیەك لە دەوروبەری نەخۆشخانەی ئەوروپی لە خان یوونس، بەڵام هێشتا ئەنجامی بەئامانجگرتنەكە دیار نییە، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل لە سەركەوتنی هەوڵەكە دڵنیان.
رادیۆی سوپای ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە هێزە تەناهییەكان لێكۆڵینەوەی پێشوەختەیان كردووە بۆ دڵنیابوون لەوەی هیچ بارمتەیەكی ئیسرائیلی لە ناوچەكە و لە دەوروبەری سنوار نییە، بۆیە ئێستە خەریكی پشكنینی ئەنجامی هەوڵەكەن.
لە لایەكی تر ئێوارەی ئەمڕۆ حوسییەكانی یەمەن بە مووشەك هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل و بەو هۆیەوە فیكەی ئاگەداركردنەوەی خەڵك لە چەند ناوچەیەكی ئەو وڵاتە لێ دراوە و سیستمەكانی مووشەكیی بەرگربی ئاسمانی كەوتوونەتە خۆ بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەكی حوسییەكان، كە بۆردمانەكە هاوكاتە لەگەڵ بوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە ناوچەكە.
وەڵام بدەوه