سەرچاوەیەكی تەناهیی عێراق رای گەیاند كە ئێران پاڵپشتیی دارایی بۆ ژمارەیەك لە میلیشیا عێراقییەكان كەم كردووەتەوە، بە شێوەیەك چەند مانگێكە ئەندامانی ئەو میلیشیایانە بەشێكی مووچەكەیان پێ دەدرێت، جیا لەوە پاڵپشتیی لۆجیستی و چەكدارییان كەم كراوەتەوە.
ئەو هەنگاوە روونكردنەوەی راستەوخۆی لە لایەن ئێرانەوە بۆ نەكراوە، كەمكردنەوەكەش تەواوی گرووپەكان ناگرێتەوە، تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە كە كەمتر كاریگەر و نائەكتیڤن و راستەوخۆ چالاكیی سەربازی و تەناهییان نییە، لەوكاتەی تا ئێستە پاڵپشتیی سەربازی بۆ چەند میلیشیایەكی دیاریكراو بەردەوامە، كە پێوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ ناوەندی بڕیار لە سوپای پاسداران هەیە یان ئەوانەی رێكخستن و باڵی هەواڵگرییان لە سووریا و لبنان هەیە.
شارەزایان پێیان وایە ئەو هەنگاوەی ئێران لەبەر چەند هۆكارێكە، لەوانە ئەو تەنگژە ئابوورییەی تاران پێیدا تێپەڕ دەبێت، خەرجی ئۆپراسیۆنەكان لە سووریا بەر لە رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد و گوشارە سیاسییە ناوخۆییەكان كە داوای پێداچوونەوە بە پاڵپشتی دارایی میلیشیاكان لە دەرەوەی ئێران دەكات.
كەمال تائی شارەزای تەناهی دووپاتی كردەوە كە ئەوەی روودەدات رەنگە هەڵسەنگاندنەوەی ئێران بێت بۆ توانا و كاری هەندێك لە میلیشیا عێراقییەكان و دیاریكردنی پێویستییان لە دوای گۆڕانكارییەكان و داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی ناوچەكە، كاتێك هەندێك لەو میلیشیایانە بە تەواوەتی پشتیان بە پاڵپشتیی دارایی ئێران دەبەست و ئێستە ئەوانە تووشی كێشە بوونەتەوە.
روونی كردەوە، رەنگە ئەو هەنگاوە دۆخێكی بگرە و بەردە لە نێوان میلیشیاكان دروست بكات و گوشار بۆ گەڕاندنەوەی پاڵپشتییەكە دروست بكەن، بەڵام ئەگەری زۆرە ئێران هەوڵی رێكخستنەوەی میلیشیاكان بدات و دەستبەردرای بەشێكیان ببێت، لە چوارچێوەی ئەو پێوەرانەی سوپای پاسدارانی كاریان پێ دەكات، كە بە پێی راپۆرتەكان بەهای پاڵپشتیی ساڵانەی ئێران بۆ میلیشیاكانی لە عێراق و سووریا دوو ملیار دۆلار بووە.
وەڵام بدەوه