شۆڕشی مەرجەع بوون لەژێر ناوی خۆپیشاندان!
لایەنگرانی سەدر قسەکانی سەدر لە دەقی و قورئان و حەدیس بەپیرۆزتر دەزانن! سەدر سایکۆلۆژیای لایەنگرانی خۆی بە تەواوی کۆنترۆڵ کردوە، کەی بیەوێت بە دوگمەیەک (pause و stop) پێی دەکات، کەی بیەوێت دوو رکائەت نوێژیان پێ دەکات دەڵێت بگەڕێنەوە! کەی بیەوێت دەیان دەجوڵێنێت بە سەرما و گەرما لە سەر شەقامیان دەھێلێتەوە! موقتەدا سەدر ھەرچی بڵێت لایەنگرانی بەبێ ھیچ بیرکردنەوەیەک پراکتیزە دەکەن. قسەکانی سەدر خۆی ئایەتن بۆ لایەنگرانی، ھەندێکیان بەپێغەمبەر زیاتر دەزانن، ھەندێکی تر سەدر بەخودا دەزانن! لەئاینی ئیسلامدا ھاتووە نابێت جگە لەخودا بەھیچ شێوەیەک موسلمانان بەھیچ شتێکی تر سوێند بخۆن ھەتا بۆیان نیە بە قورئان و پێغەمبەری ئیسلامیش سوێند بخۆن، کەچی لایەنگرانی سەدر بەناوی سەید سەدرەوە سوێند دەخۆن!
ھەمیشە لایەنگرانی موقتەدا سەدر چاویان لەوەیە کە سەدر چی فەرمانێکیان پێ دەکات ،کە فەرمانەکانی بەفتوا دەزانن، وەک خۆی بە زیادەوە پراکتیزە دەکەن، لە جیھادیش بەپیرۆزتری دەزانن، مەرگ نەبێت ھیچ شتێک ناوەستێنێت، کە مەرگی خۆشیان لەپێناو سەدر گەیشتن بە بەھەشت دەزانن، ئەم بیرکردنەوەیان ھەمان بیرکردنەوەی داعش و ھەموو گروپە توندرەوەکانن، کە کرۆکی سەرچاوەی بیرکردنەوەیان کۆماری ئیسلامی ئێران داھێناوە لەسەردەمی خومەینی، کە ئێران بە ھەزاران فیدایی ھەیە، ھەر کاتێک بیەوێت بە فەتوایەک لەژێر ناوی ئایین گیانی ئەوان بۆ بەرژەوەندی و شەڕی خۆیان دەسپێرێت! کە ئەم بیرکردنەوەیە مەترسیدارترین بیرکردنەوەیە بۆ سەر خودی مرۆڤ و کۆمەڵگا کە ھەموو شتێک لەپێناو شەخسێک بێ نرخ و بێ شکۆ دەکەن.
موقتەدا سەدر خەون بەو پێگەیەوە دەبینێت کە لە ڕابردو ئیمام خومەینی ھەبوو و ئێستاش خامنەیی ھەیە! کاتی خۆی لە ساڵی 1979 کە شۆرشی ئیسلامی ئێران سەرکەوت، خومەینی ڕابەری شۆڕشی ئیسلام ئێران بۆ کۆنتروڵکردنی تەواوی حوکمڕانی ئێران سیستەمی حوکمڕانی گۆڕی دامەزراوەیەکی دەستوری دروست کرد بەناوی ڕابەری باڵای شۆرش(ولایە فەقیە)، لەوکاتەوە تا ئێستا ئەم دامەزراوە سەروی ھەموو دامەزروەکانی ترە، بڕیار لێرەوە بۆ دامەزراوەکانی تر دەچن، ئیمام خومەینی بۆ شەرعیەتدان بەم دامەزراوە و ڕابەرەکەی کە خۆی بوو بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر خەڵکەوە ھەبێت وتی ھەم متمانە و ھەم پێگەکەی ئەم دامەزراوە ھەمان ئەو پێگەیەیە کە پێغەمەری ئیسلام ھەی بووە، بڕیارەکانی ئەم دامەزراوەیە واجب و فەرزە لە سەر موسڵمانان.
ئەوەی سەدر دەیکات خۆپێشاندان نیە بەڵکو شۆرشی ئیسلامی یە، و ھەمان شۆرشی ئیسلامی ئێرانە کە کاتی خۆی ئیمام خۆمەینی ڕابەرایەتی ئەو شۆرشەی کرد. کەسەدریش ئامانجیەتی سیستەمی حوکمڕانی عێراق بگۆڕێت پاشگری عێراق «فیدراڵی» بسڕێتەوە، کە بە پاشگری زایونی و ئەمریکی دەزانێت پاشگری ئیسلامی زیاد بکات، بکاتە كۆماری عێراقی ئیسلامی! خۆشی تێدا وەکو مەڕجەعی عێراق بزانێت، کە فەرمان و بڕیارەکانی لە سەروی حیزب و پەرلەمان و حکومەت و دەستور و دادگا و ھەرچی دامەزراوە بێت.بێشکۆکردنی پەرلەمان و ھەموو دامەزراوەکانی تر سەرەتایی پیلانی ئامانجەکەیەتی، گەر سەربگرێت ئیمام خومەینیەکی تر لە عێراق لە دایک دەبێت بە ناوی ڕابەری ئیسلامی عێراقەوە.
وەڵام بدەوه