Kurdistan Press - سەرکردە ساختەکانی گەل. سەرکردە ساختەکانی گەل. | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

سەرکردە ساختەکانی گەل.

سەرکردە ساختەکانی گەل!

جارێک بەرپرسێکی باڵای عێراقی لەکەناڵێکی عێراقی لەسەر گەندەڵی قسەی دەکرد، وتی ھیچ بەرپرسێکی عێراقی نیە لە بچوکترین پۆست تا گەورەترین پۆست بەمنیشەوە گەندەڵی نەکردبێت، ھەموومان لەماوەی ڕابردوو بەپێی ئەو دەسەڵاتەی ھەمان بووە گەندەڵیمان کردوە دەستمان نەپاراستووە و  ئێستاش بەردەوامین لەگەندەڵی. ‎لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس ھیچ حکومەتێک بەبێ موقتەدا سەدر پێکنەھێنراوە، کەخۆشی پشکی شێری بەرکەوتوە لەگەندەڵی، ئێستا سەدر دەیەوێت سەرکردایەتی گەل بکات بە سزادانی گەندەڵکاران، بەیەک تویتی سەدر ملیۆنان خەڵک دێتە سەر شەقام خۆپیشادان دەکەن، گەر سەدر بەھێزی گەل توانی گەندەڵکاران سزابدات کە بە چوارچێوەی ھەماھەنگی ناسراون ئەی کێ سەدر سزا دەدات کە خۆشی بەشێک بووە لەو گەندەڵیە زۆرەی لەماوەی ڕابردوو کراوە لە گەلی عێراق. 

‏‎مالکی کە زۆرترین ساڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، زۆرترین مادەی دەستوری پێشێل کردبوو، کەسیش ھێندەی مالکی بەتاک لایەنانە بڕیاری نەدابوو بەبێ گەڕانەوە بۆ دامەزراوەکان، کە دامەزراەکانی عێراق بێ دەسەڵات و بێ بەھا و بێ شکۆ کرا بوون لەسەردەمی خۆی. ‎کەچی ئێستا لە مالکی قەوماوە کە سەدر دەیەوێت گۆڕانکاری لە دەستوردا بکات و دامەزراوەکان بێبەھا و بێ شکۆ دەکات چونکە لەبەرژەوەندی مالکی نیە مالکی خۆی بە پارێزەری دەستور و دامەزراوەکان دەزانێت دەڵێت گەڕانەوە بۆ دەستور و ڕێزگرتن لە دامەزراوە دەستورییەکان گرەنتی دەستپێکی گفتوگۆکانن. کە دەستور بە پارێزەر و گرەنتی مافی پێکھاتەکان دەزانێت. ئەوەی دوێنێ زۆرترین گەندەڵی و دزی لە گەل کردوە مافی پێکھاتەکانی پێشێلکردوە ئەمڕۆ چونکە لێی قەوماوە دەیەوێت وەکو سەرکردەی گەل دەربکەوێت.  

‏‎لەھەرێمی کوردستانیش  ھەر بەرپرس و  کەسێک لە ھەر حیزبێک کە بەرژەوەندیەکانی کەوتۆتە مەترسی خۆی دەکات بە سەرکردەی گەل. کەسی وا ھەبوو لە شاخ و لەشاریش گەر کەسی یەکەمیش نەبووبێ سێبەری کەسی یەکەمی دەسەڵات بووە، کەچی بۆ ئەوەی سێبەر نەبێت خۆی ببێتە کەسی یەکەم بە گەلەوەی گرتوە و شەقامی جوڵاند بەناوی باوکی ھەژارانەوە زۆرترین دروشمی لەدژی گەندەڵی و دەسەڵاتداران بەرزکردەوە، لە کۆتاییەکەش دەرکەوت باوکی ھەژاران ڕکابەری بێل گیتسی دەکرد نیوەی زەوی گران بەھا و کۆمپانیای مەزن بەناوی کورەکانیەوە تاپۆکران. کەسی  واش  ھەیە کەسی یەکەمی حیزبی دەسەڵات بوو،  گەندەڵی و قاچاخچێتی نەما نەیکات، مافیا و سەرانە وەرگرتن لە سەردەمی ئەوەوە پەرەی سەند، بەپارەی گەلەوە لە ماوەیەکی کەم کۆنترۆڵی ھەموو شتێکی کرد بەیەکجار لە سفرەوە چوە  پلەی سەد! کەچی کەلەسەر کاری قیزەون دەرکرا لە حیزب وای خۆی پێشاندا کە لەگەڵ گەلە دژی دەسەڵاتە بۆیە بەپیلانێک دەرکرا بەڵام پشت لە گەل ناکات، سەرکردایەتی گەل دەکات دژی گەندەڵی دەسەڵاتداران!

‏‎کەسی واش ھەیە ھەر لەیەکەم دەرکەوتنی ھەم مافیابوو ھەم بازرگانی دز بوو، سیاسەت بە فیلەر و بۆتۆکس تێگەیشتوە ! کە بازرگان بوو، زیاتر سیاسی بوو تا بازرگان بێت، بە پارەی خەڵکی داماو و فەرمانبەر توانی ببێتە خاوەنی پرۆژەیەكی گەشتیاریی گەورە کە چاڤی لاندی سلێمانیە، كاتێكیش حزبی دامەزراند و ھاتە ناو سیاسەت، ئەوجا بوو بە بازرگان، بەڵام بازرگانێكی قۆزەرەوەی قەیران و تەنگژەكان، کاتێ خەڵک گلەیی لە نرخی گرانی شمەك و پێویستیەك دەكات، ئەو دێتە قسە و بە خستنە بازاڕی بڕێكی كەم لەو شمەكە و هاشوهوژە میدیایی و موزایەدەی سیاسی، سەرنجی خەڵک بۆ خۆی ڕادەکێشێت، ڕەنگە لە فرۆشتنی ئەو بڕە كەمە لەو شمەكە لەڕوی ئابوورییەوە زیان بکات، بەڵام كاتێ لەپای ئەو كارەی كە كردی، خەڵكێك دەنگی پێدەدەن و پەرلەمانتارێك زیاتری لە پەرلەمان دەردەچێت، لێزانە لە مامەڵە و سەودای دەنگ فرۆشتنی نێو پەرلەمان بۆ ئەجێندای ئەملاو ئەولا، دە هێندەش قازانج دەكات. ئەمڕۆش بۆ ئەوەی بگات بەمەست و ئەو ئامانجەی کە لەسەری دامەزراوە دەیەوێت ببێت بەسەرکردەی گەل ڕابەرایەتی گەل بکات، بەخۆپیشاندانی سەرتاسەریەوە گرتویەتی 

‏‎سەرکردە ساختەکانی گەل، ھەمیشە دەیانەوێت قەیران ھەبێ و خەڵک لەناو قەیراندا غەڕق بێت، بۆ ئەوەی دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت کە بێنە دەنگ و بجوڵێن، ئەگەر قەیران و ئاڵۆزی نەما، ئەوان بە کۆتایی خۆیان دەزانن، ئیدی نە ڕەنگیان دەمێنێت و نە دەنگیان، و لە جوڵەی بازرگانی لەژێرناوی سەرکردایەتی گەلەوە دەکەون و ناویان نامێنێت. کێشەکەش لەوەیە ھەرچی دز و گەندەڵ و قاچاخچی و مافیایە دەیانەوێت لەژێر پەردەی لەخەمی گەلن کارە قیزەونەکانیان بشارنەوە و شەرعیەت بەبونی خۆیان بدەن! ئەوانەی لە ھەرێمی کوردستانن کەخۆیان بەسەرکردایەتی گەلەوە گرتوە لەژێر ناوی خۆپیشاندان دەرزیە تێکەڵەكەی وڵاتانی ئیقلیمین، ھەر کاتێک جوڵەیەکی دیبلۆماسی نێودەوڵەتی لەئارادا بێت بۆ گۆڕانکاری لە ناچەوکە وڵاتانی ئیقلیمی ئەو دەرزیە تێکەڵەیە لەجەستەی ھەرێم دەدەن! ئاگرەکە لەبەغدایە دەیانەوێت ھەرێمیش پەلکێشی ئەو ئاگرە بکەن و بیکۆڵێنن، بۆ ئەوەی ھەولێر نەبێتە داڵدەی دژبەری ھەژمون و ئەجێندای ئەوان و بچێتە ژێر بار، چونکە ھەولێر ھەم ھاوسەنگی ھێز ڕادەگیرێت و ھەم براوەی یاری  سیاسی یەکلایی دەکاتەوە. 

‏#HogirNerwayi

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه