دەست پێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم
بێگومان دەست پێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم تەکانێکی بەهێز بە باری ئابوری عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دەدات و ئاستی داهات بەرز دەکاتەوە.
وەستانی بەرهەم هێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانێکی گەورەی لە داهاتی هەرێم و بەغدا داوە.
بە پێی مەزەندەی شارەزایان و چاودێرانی سیاسی، قەوارەی ئەم زیانە زیاترە لە حەوت ملیار دۆلار. ئەم داهاتە بۆ هەرێمی کوردستان داهاتێکی یەجگار زۆرەو دەکرا دەیان پرۆژەی خزمەت گوزاری و ئاوەدانی و بووژانەوەی پێ ئەنجام بدرێت. دەیان بنکەی تەندروستی و خوێندنگەو قوتابخانەو دروست کردنی رێگاوبانی مۆدێڕنی پێ دروست بکرێت . دەکرا لە دەیان پرۆژەی کشتوکاڵ و گرینگیدان بە پەرەپێدانی سامانی ئاژەڵداری و بەرووبوومە کشتوکاڵیەکان و کەرتی گەشتوگوزاردا خەرج بکرێت.
داواکاری ئەمریکیەکان بۆ سەرلەنوێ دەست پێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و ناردنی بۆ بازاڕەکانی جیهان، دەکرێ وەک کرانەوەیەک و کردنەوەی گرێ کوێرەی نەوتی هەرێم و زەمانەتێکی نێودەوڵەتی وێنابکرێت.
هەڵبەت چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا پەیوەست بە نەوت و غازو بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەم هێنان، ئاستی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ قۆناغێکی باشتر دەگوازێتەوەو ئومێد دەکرێ ناوبژیوانی ئەمریکیەکان وەک دەرچەیەک، بە قازانجی هەرێم و بەغدا بشکێتەوەو تارمایی ناکۆکیەکان کرچ و کاڵتر بکاتەوەو جۆرێک لە دڵنیایی و برواو متمانە بۆ پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بگێڕێتەوە.
کوردستانیان دەمێکە چاوەڕوانی کردنەوەی گرێ کوێرەکان و هەڵهاتنی ئاسۆیەکی روناکن لەبەردەم ژیان و گوزەرانیاندا. ئومێد دەکرێ بەم هەنگاوە، حکومەتی هەرێم بودجەو شایستە داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت و دەست بەجێ دەست بکرێت بە پرۆسەی بونیادنانەوەو نۆژەن کردنەوەی گشت ئەو سێکتەرانەی پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ژیان و گوزەران و ئێستاو داهاتووی هەرێمەوە هەیە. و ساڵانێکە بەهۆی بێ بودجەییەوە دووچاری پاشاگەردانی بوونەتەوە.
وەڵام بدەوه