سێ قسە لە دوای هەڵبژاردن!
نووسینی: هۆگر نێروەیی.
یەکەم.
خەڵک دەبێت باش لەوە تێبگات پەرڵەمان شوێنی عەشیرەت و عەشیرەتگەری نییە، کە ئەو عەشیرەتانەی پەرلەمانتارانی ئەوان دەرنەچوون دڵنیابن هیچ جارێک ناوی عەشیرەت لە ناو پەرڵەمان ناهێنرێت بۆ ئەوەی خۆیان عاجز بکەن، هەروەها ئەو پەرلەمانتارانەی دەرچوونیش نەک نوێنەرایەتی عەشیرەتی خۆیان ناکەن بەڵکو نوێنەرایەتی پارتەکەی خۆشی ناکەن بەڵکو نوێنەری هەموو خەڵکی کوردستان دەکەن.
لە پەرلەمان ناڵێن سندی و سلێڤانەییەکان فلان شتیان پێویستە دەبێت بۆیان دابین بکرێت، ڕێکانی و نێروەییەکان دەبێت قەرەبوو بکرێن! دۆسکی و بەروارییەکان دەبێت پێشی پێشەوە بن، کۆچەر و خۆشناو و برادۆستب و هەرکییەکان زۆرینەن دەبێت بریارەکان لە بەرژەوەندی ئەوان بن، عەشیرەتەکانی دیکە ژمارەیان زۆر نییە دەبێت ڕەچاوی کەمینەی ئەوان بکرێت، نا کاکە لەوێ کەس هیچ پاشگری عەشیرەتی خۆی هەڵناگرێت بەڵکو پاشگری مافەکانی گەلی کوردستان هەڵدەگرن، گەر زیرەک و خەمخوربن دەستوور جێبەجێ دەکرێت، ئەوکات کوردستان سەردەکەوێت کورد قازانج دەکات بە هەموو عەشیرەتەکانەوە گەر ئەوەیان نەکرد رەحمەت بۆ کفن دز دەنێرێن، چوار ساڵی داهاتوو زۆر خراپتر دەبێت لە چوار ساڵانی رابردوو.
دووەم.
پارتی وەکو حیزبی ملیۆنی، دەبێت لە ئێستاوە کار بۆ چوار ساڵی داهاتوو بکات، زیاتر بێتە خزمەتی خەڵک. بەرپرسیارێتی ملیۆن خەڵک زۆر زۆرە وەکو حیزبی دیکە نییە، گەر وەکو پێویست ئەو بەرپرسیارەتییە هەڵنەگرێت تووشی شکست دەبێت، وەکو زۆر حیزبی دیکە کە لەنێوان دوو هەڵبژاردن دا نیوەی دەنگی خۆی و زیاتر لە دەست داوە، بەڵام گەر گۆڕانکاری بکات و کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دانێت کە پۆستی خۆی بۆ خزمەتکردنی خەڵک بەکاربهێنرێت نەک بۆ دەوڵەمەندکردنی شەخسی خۆی ئەوکات لە جیاتی حیزبی ملیۆنی دەبێتە حیزبی ملیۆن و نیوی و دوو ملیۆنی.
ئەوجا ملیۆنەکەی پارتی لە هەموویان قورسترە، چونکە بەدەست هێنانی یەک ملیۆن دەنگ چەند قورس بێت پاراستنی ئەو دەنگانە دە جار قورسترە.
سێ یەم.
بۆ حیزبە کوردییەکان، بە تایبەتی (پارتی و یەکێتی) دەبێت یەکەم مەرجی کورد بۆ حکومەتی نوێی عێراق زامنکردنی چوار مووچەی ساڵی 2025 بێت، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ هیچ کەس قسە نەکرێت گەر چوار مووچەی 2025 زامن نەکرێن. هیچ جارێک وەکو ئێستا شیعە پێویستی بە کورد نییە، کە شیعە ناتوانن یەک بلۆکی حکومەتی نوێ دانێن گەر هوستای کورد لەوێ نەبێت. ئەوجا بۆ کورد فورسەتە لە ناکوکی نێو ماڵی شیعە مافەکانی بەدەست بهێنێت، قسەی وڵاتە زڵهێز و ئیقلیمی لەلایەک کە بەبێ ئەوان حکومەت پێکناهێنرێت، دواتر کێ زیاتر بە کورد بدات کورد دەبێت لەگەڵ ئەوبێت، لە ئێستاوە کورد دەبێت دەست بە جوڵە بکات پێش ئەوەی شاندی شیعەکان بێت، دەبێت کورد مەرجی خۆی بنووسێت کێ ئەو مەرجانە جێبەجێ بکات کە زەمانی لەگەڵ بێت بە یاسا جێبەجێ بکرێن کورد لەگەڵ ئەوبێت ئەوجا کێ بێت گرنگ نییە بەڵکو ئەوەی گرنگە مەرجەکانی کوردە کە مافەکانی گەڵی کوردستان زامن بکرێن.
#HogirNerwayi


وەڵام بدەوه