هەموو ئەگەرەکان کراوەن
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی زۆر هەستیارو سەختتدا تێدەپەڕێت. دۆخێک هاتۆتە ئاراوە بە هیچ شێوەیەک لە جاران ناچێت. ئەم دۆخە هەلومەرجێکی زۆر سەخت و پڕ لە نیگەرانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە.
ئیدارەی ترامپ لە لایەک ڕاستەوخۆ هاتۆتە ناو گۆڕەپانەکەوەو بە تەواوەتی جێ پێی بە رووسیەو چینەوە لەق کردووە. ترامپ لە ماوەی ساڵی رابردوو بە دوو فۆڕم هەوڵی نمایشی هێزی بە جیهان داوە.
ترامپ لە لایەک پێداگرە لەسەر گفتوگۆی دیپلۆماسی و چارەسەرکردنی گرفتەکان بە گرتنە بەری سیاسەتێک، بەرژەوەندیەکانی وڵاتەکەی بپارێزێت و بە وتەی خۆی شکۆ بۆ گەورەیی ئەمریکا بگێڕێتەوەو هەژمونی وڵاتەکەی بەسەر هەموو جیهاندا بسەپێنێت.
لەو لاشەوە بەردەوام هەڕەشەی سەربازی و هەڵگیرسانی جەنگ وەک بژاردەیەکی سەر مێز، دەهێڵێتەوەو پێداگرە لەسەر ئەوەی گەر کێشەکان لە ريگەی گفتوگۆوە چارەسەرنەکران، ئەوا بێ سێوو دوو پەنادەباتە بەر بژاردەی سەربازیەوە.
لەشکەرکێشی ئەمریکا بۆ کەنداو بە مەبەستی ناچارکردنی ئێرانیەکان بە ملدان بە خواستەکانی ئەمریکا لە لایەک و ڕەت کردنەوەی بواری دیپلۆماسی لە لایەن ئێرانەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانی لەگەڵ ئەمریکا، ئەگەری هەڵگیرسانی سێهەم جەنگی کەنداوی زۆر بەهێز کردووە. هەڵگیرسانی ئەم جەنگە لەم دۆخەی ئێستای رۆژهەڵاتی ناویندا، لێکەوتەی زۆر خراپی بۆ ناوچەکە دەبێت و پڕووشکی ئەم ئاگرە بۆی هەیە زۆر لایەن بخاتە داوی ئەم جەنگە ترسناکەوە. چوونکە هەم ئێران خاوەنی چەک و جبەخانەیەکی گەورەیەو هەمیش ئەمریکا بە تەواوی هێزی سەربازی و دەریایی و ئاسمانیەوە لە کەنداو گیرساوەتەوەو چاوەڕوانی کاتژمێری سفرە.


وەڵام بدەوه