کۆتایی بۆ کوردە!
هۆگر نێروەیی
ماف و واقیع.
ماف شتێکە واقیع شتێکی دیکەیە. کورد مافی خۆیەتی بە هەموو ئەو شتانە بەدەست بهێنێت کە نەتەوەکانی دیکە بەدەست هێناوە بەڵام واقیع شتێکی دیکە، هەمیشەش واقیع پراکتیزە دەکرێت نەک ماف و حەق، ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریا، نە بەدڵی سووریا بوو نە لە تموحی کوردیش دابوو. بەڵام لە واقیع دا کورد نیوە سەرکەوتووە و حکومەتی سوریاش لە چەندین لاوە شکستی هێناوە. چونکە سوریا هەموو پشتیوانەیەکی هەبوو بەڵام کورد جگە لە خۆی کە هێشتا خۆشی نییە هیچ کەسی پشتیوانی نەبوو بەڵکو هەموو جیهان دژبەری بوو و شەڕعیەتی بە چەتەکانی ئەحمەد شەرع دەدا.
پیلانی سڕینەوەی کورد.
سەرەتا چەتەکانی ئەحمەد شەرع بەهەموو هێزەوە، بە پیلانی وڵاتانی هەرێمی، بە لەشکەری عوسمانی و پاشماوەکانی قاعیدە و داعشەوە، بە دۆلارەکانی سعودیا و قەتەرەوە، بە بێدەنگی ئەمریکا و ئەوروپا و دوستەکانی کوردەوە، بریاری سڕینەوەی کوردیان دا، کە بە جارێک کورد لە نەتەوە بسڕنەوە تەنها ئەوەی ماون بە هاوڵاتی بمێنن، بەڵام بەدەنگهاتنی هەموو کورد لەهەموو جیهان بەتایبەتی پشتیوانی باشور ئەم پیلانەیان لە گۆرنا. دوای ئەوەی ویستیان بە فشاری هێزەوە کورد بێ سوپا بکەن، بەڵام خۆڕاگیری شەڕڤانان و ڕۆحیەت و فشاری ملیۆنی کورد نەیارانی کورد تۆقاندن و لەم بڕیارەش پاشگەزبوونەوە. بە ناچاریش بێت لە جیاتی تەسلیم بوون بە ڕێککەوتن لەگەڵ کورد ڕازی بوون گەرچی ڕێککەوتنەکەش لە تموحی کورد دا نەبێت بەڵام زۆر باشتربوو لە تەسلیمبوون، تاڕادەیەکیش دەستکەوتی باشیش هەبوو.
کۆتایی بۆ کوردە.
ڕێککەوتنەکە بۆ کورد کۆتایی نییە، بەڵکو دەرفەتی باش لەبەردەم کوردایە، چونکە سوریا استقراری نییە بەپێی ئەو واقیعەی هەیە کە هەزاران گرووپی میلیشیا و چەتەکان و توندرەوەکان بە ئاسانی کۆنترول ناکرێن، هەمیشە سوریا لە تەوقیت دا دەبێت کە سەرەوژێر ببێت و بتەقێتەوە. لە کۆتایی دا دەرفەتی زێڕین بۆ کورد دەبێت کە دەستکەوتی زیاتری بەدەستبهێنێت، کە بناغەکەی ئەو دەستکەوتانە ئەم ڕێککەوتنە دەبێت، کە لەلامەرکەزییەوە بەرەو هەرێم و هێشتا زیاتر دەچێت، بە کەم هەرێمێکی دیکە بۆ کورد لە دایک دەبێت.
ماف دەبێتە واقیع.
کورد پێویستە لەسەر ئەم ڕۆحیەتە بەردەوام بێت، ئەم یەکگرتوویە مێژووی خۆی بپارێزێت، هەمیشە لە تەوقیت دابێت، هەر کات دەرفەتێکی دیکە هاتە پێش لەم جارە زیاتر بێنە دەنگ و هەموویان بەیەکەوە داوای زیاتر بۆ کورد بکەن، کەئەوکات جیهان مل دەداتە بە داوایە ڕەوایەکانی نەتەوەی کورد و ماف دەبێتە واقیع و واقیع دەبێتە ماف پراکتیزە دەکرێت، کوردیش وەکو نەتەوەکانی دیکە بە مافە ڕەوا و نەتەوەییەکانی خۆی دەگات.
#HogirNerwayi


وەڵام بدەوه