کۆڕبەندی داڤۆس، ساڵی 1971 بە دەستپێشخەریی کلاوس شواب ئابووریناسی گەورەی ئەڵمانی دامەزراوە، ئامانجی دروستکردنی کەشێکی فراوانی گفتوگۆی ئابووری بووە لەسەر ئاستی سەرکردە سیاسی و بارزرگانی و ئەکادیمییە باڵاکان لە وڵاتە گەورەکانی ئەوروپا. دواتر بازنەی کۆڕبەندەکە فراوان بووە و هەموو دنیای گرتووەتەوە.
کۆڕ بەندی داڤۆس مینبەرێکی بەهێزو پانتایەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتیە، لەوێوە کەسایەتیە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەکادێمی، سەرمایەدارە گەورەو خاوەن کۆمپانیا جیهانیەکان و ئابوریناس و بریاربەدەستانی دونیا گفتوگۆی دۆخی ئابوری و سیاسی و ژینگەیی و ئاڵنگاریەکانی بەردەم گەشە و پێشکەوتن و دوا داهێنانە تێکنۆلۆژیەکان دەکەن.
سەرباری کەشوهەوای ساردی شاری داڤۆس، کەچی کەشی گفتوگۆکانی کۆڕبەندی داڤۆس هەمیشە گەرموگوڕو دۆستانە و تەواو کراوەیەو هیچ کۆتوبەندو رێگریەک لەسەر ئەوە نیە بەشداربووان چ جۆرە بابەتێک دەخەنە بەر ڕەخنەو گفتوگۆو ڕاڤەی ئەکادێمی و سیاسیەوە.
تایبەت بە هەرێمی کوردستان، بەشداری سەرۆکی حکومەتی هەرێم چ لە ساڵانی رابردوو و چ لە ئێستاشدا دەلیڤەیەکی گرینگ بووە بۆ دیدار و چاوپێکەوتنە لابەلاو ڕەسمی و ناڕەسمیەکان لەگەڵ بریاربەدەست و کاراکتەرە سیاسیە جیهانیەکان بە ئاراستەی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان و گرینگی پێدانی لەسەر نەخشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
وەڵام بدەوه