یەکەم: ئایا، ئابڵوقەدانی سلێمانی ڕاستە؟!
لەڕووی داراییەوە یەکێتی بە هیچ جۆرێک هاوکاری حکوومەت نییە، کێشە بۆ کۆکردنەوەی داهات دروست دەکەن و ئەو بڕەی کە پێویستە لە داهاتی ناوخۆ بۆ مووچە دابینی بکەن کە ٥٠ ملیۆن دۆلارە، خۆیان لێ نەبان کردووە.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچە پێویستیمان بە ٦۳۸ ملیۆن دۆلارە .
لە داهاتی گومرگ کە پەیوەستە بە داهاتی ناوخۆ، ۷۳٪ی لە دەروازە سنوورییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆکەوە دابین دەکرێت و تەنها ۲۷٪ی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دابین کراوە، ئەمە لە کاتێکدایە ژمارەی گومرگەکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاترن کە دەروازەی نافەرمی و لابەلا هەن و داهاتەکەیان بۆ حزب دەچێت و خۆراک وپێداویستی و شتی جۆراوجۆر لەو دەروازانەوە هاوردە دەکرێن و پسوولە و مامەڵەی حکوومیان بۆ ناکرێت و چاوپۆشی لە هێنانەژوورەوەی زۆر شت دەکرێ بەرانبەر پێدانی پارە.
ئەگەر لە یەک شەودا وەک کاک مەلا بەختیار دەڵیت "داهاتی خاڵێکی سنووری ۱۱ ملیۆن دۆلار بووبێت"، ئاخۆ دەبێت لە مانگێکدا چەند بێت؟!
داهاتی نەوت بە یەکسانی بەسەر هەموو پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت و لەم چوارچێوەیەدا مووچەی پارێزگای سلێمانی ۲۳٥ ملیۆن دۆلارە کە حکوومەت لە ۸٠٪ی دەنێرێت و ۲٠٪ـەکەشی داهاتی خاڵە سنوورییەکان و ناوخۆیە، بەڵام زۆرجار ئیدارەی سلێمانی ئەمەش ناکات.
لە داهاتی باج کە ۳٥ ملیۆن دۆلارە، لە پارێزگای سلێمانییەوە تەنها ٥ ملیۆنی دابین دەکرێت لە کاتێکدا ژمارەی کۆمپانیاکان لەو دەڤەرە زیاترە، و بەشێکی زۆری کۆمپانیاکان ناچار دەکرێن داهات بدەنە یەکێتی و چەند کەسێکی ناو ئەو حزبە دەستیان بەسەردا گرتووە و نایدەنە حکوومەت و خۆیان بە سوڵح بەشی دەکەن.
سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ١٥ى کانوونى دووەم، پەیامێکى بڵاو کردەوە و ئاماژەى بەوە کرد: "بە یەکسانی، سەیری سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەکات و خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر هەموو هاووڵاتییانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان".
بەڵگەش بۆ هەمە هەمان ئامارى دەستەى وەبەرهێنانە کە:
لە سێ ساڵى کابینەى نۆیەم، ٢٩٦ پڕۆژەى وەبەرهێنان بە سەرمایەى (١٥,٢٧٤,١٧٣,٠٦٤) دۆلار پەسەند و دەست بە جێبەجێکردنیان کراوە کە ٨٩ پڕۆژەیان بە سەرمایەى (٢,١٣٥,٤١٨,٨١٩) دۆلار دەکەوێتە ساڵى ٢٠٢٢.
لەو ٨٩ پڕۆژەش، ٣٧ پڕۆژیان دەکەوێتە پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەرین و زۆرترین سەرمایەشیان بۆ دابین کراوە کە (١,٢٢٥,٧٣٥,٠٩٩ دۆلار)ـە، ئەم ڕێژەیەش دەکاتە (٥٧.٤%)ـى کۆى پارەى تەرخانکراوى پرۆژەکانى وەبەرهێنان لە ساڵى ٢٠٢٢.
دووەم: یەکێتی بۆ دەیەوێت خۆڵ بکاتە چاوی خەڵک؟!
ئەوەی کە ڕوو دەدات تەنها پەڵپگرتنە لەسەر دوو بابەت:
۱.تیرۆرکردنی هاوکار جاف
۲.دواخستن و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن ئەم بابەتە ڕۆحی کێشەکانەو دۆخی ناوخۆیی و کێشەکانی ناو یەکێتی هاوکار نین یەکێتی بێتە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە.
ئێستا هەموو فکری یەکێتی تەنها لەلای ئەوەیە کە چەند وەزیرێکی لە کابینەدا بۆ بگۆڕدرێن و هیچ ئامادەییەکیان نییە بۆ هاتنەپێشەوە و چارەسەری کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و پرسی هەڵبژاردن و چارەسەری گەندەڵی و ڕوونی لە داهات.
لەبارەی هەڕەشەکردن و جوڵاندنی هێز بۆ سەر ماڵی بەڕێز جێگری سەرۆکوەزیران، ئەم بابەتە بەو جۆرە نییەو کراوەتە بیانوویێک بۆ دروستکردنی کێشە، بەڵکوو تەنیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی هەبووە کە درێژکراوەی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتییەو هۆشداریش دراوە هیچ کەس لە پارێزگای هەولێر و دهۆک لەهەر مەوقیعێکدا بن و تەنانەت لایەنی سیاسیش ناتوانن هێز بۆ هیچکەس بجوڵێنن.
پێشەوا هەورامانی
وەڵام بدەوه