شار بە هەموو پێکهاتەو نەخشەی ئەندازەیی و فۆرمی خانووبەرەو پانتای سەوزاییەکەی شوێنی نمایش کردنی زهنیەتی ئەو ئینسانانەیە لە و شوێنە یەکەیەکی یەکانگیری پێکەوە حەوانەوەو ژیانیان پێک هێناوەو لە سایەی دڵنەوایی و ئارامیەکەیدا ژیان دەگوزەرێنن.
شار بە گشتی و گەڕەک بەتایبەتی دەسکەوتێکی هزروفکری مرۆڤەکان و دەرخەری توانستی ئەفراندن و دونیابینی ئەو مرۆڤانەیە بە گوێرەی توانای داراییانەوە بە ئامانجی دامەزراندنی یەکەیەکی نیشتەجێ بوون، لە پانتایەکی جوغرافی کۆدەبنەوەو هەلومەرجی ژیانێکی ئاسودە پێک دێنن و ئاوەدانی دەکەن و تیایدا دەژین.
یەکەکانی نیشتەجێ بوونی گەڕەکەکانی شار وێنای سەلیقەو مەیلی بیناسازی دانیشتوان دەکەن. گەڕەک لە نیگای یەکەمدا دەبێتە رووبەرێکی ئاوەدانی و شوناسی کۆمەڵایەتی و پێگەی ئابوری ئەوانەی لێی دەژین. هەروەک هەموو مرۆڤەکان هەرگیز لە رووی بایۆلۆژی و توانای جەستەو سیماوە لێک ناچن، کەمتر شارو گەڕەکێک و یەکەیەکی ئاوەدانیش ئەدۆزیتەوە لێک بچن و لە رووی ئەندازەیی و جۆرو تایپی خانووبەرەوە وەک یەک بن.
ئەم جیاوازیە بونیادیە بە درێژایی زەمەن و دوای تێپەڕاندنی چەند قۆناغێک، دەبێتە شوناس و هەڵگری دونیابینی و سەلیقەو مەیلی تاکەکانی شارو گەڕەکەکانەوە.
بۆیە سیمای هەر شارێک و گەڕەکێکی شار دەرخەری سیماو هەڵگری شوناس و عەقڵیەتێکی دیاریکراوەو پەیوەستە بەوەی کێن ئەوانەی لێی دەژین و ئاستی دەرامەت و پێگەی کۆمەڵایەتی و خوێندەواری و توانای مادی و داراییان چەندە.
جیاوازیە ئابوریەکان، هێزی هەژمونگەرای سەرمایەداری و کاپیتالیزمی زۆرخواز، جیاوازیە چینایەتی و کۆمەڵایەتیەکان لە رووی دەرامەت و باری دارایی و پێگەی کۆمەڵایەتی و چۆنیەتی دابەشکردنی داهات و دەرفەتی کارو دادی کۆمەڵایەتی لە وڵاتانی تازەگەشەسەندووی گیرۆدەی کێشە خزمەتگوزاریەکان، بە هۆی گەشەی خێرای دانیشتوان و جیاوازیە چینایەتیە زەقەکانەوە، کاریگەری گەورەیان لە سەر رەوتی جۆری خانووبەرەو یەکەکانی نیشتەجێ بوون و فۆرم گرتنی شارو گەڕەکەکانەوە بەجێ هێشتووە.
لافاو، بوومەلەرزە و تێکرای کارەساتە سرووشتیەکان، بەشێکن لە ترسێک هەمیشە لە ناخی توێژی هەژاراندا پەنگ دەخۆنەوە. ترس لە مردن، ترس لە داڕمان، ترس لە دارووخان، ترس لە نەخۆش کەوتن، پەککەوتن، برسی بوون و ماڵوێرانی.
گەشەی شار و گەڕەک و شەقام و نەبوونی ئاوەڕۆو بێ پلانی و بە هەڕەمەکی گەشەپێدانی شارو بەرزکردنەوەی بینایەو کۆشک و تەلارو سەنتەرو دوکان و بازاڕە پانتا فراوانەکان، بە بێ لەبەر چاوگرتنی کەمترین پلانی مۆدێرنی شارنشینی و ئەندازەیی حیساب بۆ کراو، دەرخەری هەمان شوناس و عەقڵیەت و دوونیابینی و زهنیەتە لە سەرەتا ئاماژەم پێدا.
ماهیەتی ئەم زهنیەتە لە سیمای ئەو گەڕەک و سیستەمە هەڕەمەکیەی گەشەی شارو ئاوەدانی گەڕەک و یەکەکانی نیشتەجێ بووندا دەردەکەون، رۆژانە بەچاوی خۆمان ئاکامە دڵتەزێنەکانی دەبینین و جگە لە وشەی ( بەداخەوە) دەستەواژەیەکی تری دەربڕینمان بۆیان نیە.
وەڵام بدەوه