یەکێک لەو پرسانەی ماوەی چەند ساڵێکە وڵاتانی رۆژئاوا بە گشتی و پێشکەوتووی هبەتایبەتی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، پرسی گۆڕانی کەشوهەوایە.
هەڵبەت پرسی گۆڕانکاریە بەرچاوەکانی کەشوهەوا هەنووکە لە سەرووی هەموو پرسێکەوەیەو دوای ئەمیش رووبەرووبوونەوەی تیرۆری جیهانی دێت، کە ئەمەی دوایی دوای شکستی داعش و رێکخراوی قاعیدە و هەڵمەتی قەڵاچۆکردنیان تۆزێک کاڵتر بۆتەوە.
گۆڕانکاریە خێراکانی کەشوهەوا بە هۆی زێدەڕۆییە بەرچاوەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی پێشکەوتوو و گەشەسەندوودا، حاڵی حازر زۆربەی هەرە زۆری ناوەندە سیاسی و ئەکادیمی و زانستیەکانی جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەوی و دەرەدانی گازە ژەهراویەکانی کارگەو ئوتۆمبێل و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بەرهەم هێنان و وەبەرهێنانی وڵاتە پیشەسازیەکان، بێ لەبەرچاوگرتنی زیانە گەورەکانی ژینگە و توانەوەی بەستەڵەکی بەفرو سەهۆڵبەندانی جەمسەری باکور، زەنگی مەترسی ئەگەری زۆربوونی رووداوە سرووشتیەکانن.
بوومەلەرزەکان، لافاوە بە تەوژم و وێرانکارە وەرزیەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی سەر زەوی، گەر لە ئێستادا بە هەند وەرنەگیرێن و لە رێگەی بەرنامەگەلی تویژینەوەی ئەکادێمی و زانستیەوە بیر لە کەم کردنەوەی ئاکامەکانیان نەکرێتەوە، لە داهاتوودا دەبن بە گەورەترین هەڕەشە و ئاڵنگاری لەبەردەم مرۆڤ و ژیانی سەر ئەم هەسارەیەی ئێمە بە زەوی دەیناسین.
پەیوەست بە هەرێمی کوردستانیش ئەشێ حکومەت و بەرپرسانی هەرێم لە رێگەی دانانی پلان و بەرنامەی تۆکمەوە چارەسەرێک بۆ بەکارهێنانی لە رادەبەدەری ئوتۆمبێل و پرسی قەرەباڵغی رێگەو بانەکان و گڵدانەوەی ئاو و بەکارهێنانی لە پرۆژە هەستیارە ژینگەییەکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەییەوە، تا رادەیەک ئەگەرەکانی روودانی کارەساتە سرووشتیەکان کەم بکەنەوە.
گەرەکە گۆڕانی کەشوهەوا بە جدی وەربگیرێت و پلان بۆ رووبەرووبوونەوەو کەم کردنەوەی ئاکامەکانی دابنرێت.
وەڵام بدەوه