چەند مانگێك لەمەوبەر، لوێد ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریكا لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەربازانی ئەمەریكا دڵنیایی پێدابوون لەوەی كە هەڕەشە و هێرشەكانی كە لەلایەن میلیشیاكانی پاڵپشتیكراو لەلایەن ئێرانەوە جێگەی مەترسی نین. ئەمڕۆ ٩ی شوباتی 2024، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز چەند قسەیەكی بڵاونەكراوەی ئۆستنی وەزیری بەرگری ئەمەریكای بۆ جەنەڕاڵ و سەربازانی وڵاتەكەی بڵاو كردەوە كە لەسەر پشتی یەكێك لە كەشتییە جەنگییەكانی ئەمەریكا لە میانی وتارێكدا بە سەربازانی وڵاتەكەی راگەیاندبوو، هەرگیز گرووپە میلیشیاكانی سەر بە ئێران ناتوانن زیانتان پێ بگەیەنن، هۆكاری قسەكانیشی بەستبووەوە بە دوو هۆكار.
بەپێی رۆیتەرز، ئۆستن لە میانی قسەكانیدا گوتبووی، رۆژانە لە سووریا و عێراق گرووپە میلیشاكان هێرش دەكەنە سەر بنكە سەربازییەكانمان بەڵام سەركەوتوو نابن لە هێرشەكانیان، ئەمەیش بەهۆی ئەوەیە هەم ئامرازی بەردەستیان پێشكەوتوو نییە، هەمیش سەربازەكان كارامە نین.
ئۆستن هۆكارێكی تریشی لە ناسەركەوتوویی هێرشەكانی گرووپە ئێرانییەكان بۆ سەر بنكە سەربازییە ئەمەریكییەكان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، جگە لە ناكارامەیی سەربازانی میلیشیاكان و نەبوونی ئامرازی پێشكەوتووی جەنگیی، هەوڵی رژد و سووڕبوونی ئێمە لەسەر پاراستنی گیانی سەربازەكانمان هۆكارێكی زۆر بەهێزە بۆ سەرنەكەوتنی ئەو هێرشانەی كە لەلایەن میلیشیاكانەوە دەكرێتە سەرمان.
ئەم قسانەی ئۆستن بۆ سەربازانی وڵاتەكەی پێش كوژرانی سێ سەربازە ئەمەریكییەكە بوو لە ئوردن لە مانگی رابردوودا، كە بەهۆی رووداوەكە جۆبایدنی سەرۆكی ئەمەریكا راستەوخۆ ئێرانی تۆمەتبار كرد بەوەی لە پشتی ئەو میلیشیایانە و بەڵێنی وەڵامدانەوەی دا و تا ئێستەیش دووجار ئەمەریكا وەڵامی كوژرانی سێ سەربازەكەی داوەتەوە، لە وەڵامی یەكەمدا بەقسەی پنتاگۆن 40 چەكداری میلیشیاكان كوژراون و لە دووەم وەڵامیشدا سێ كەس لەناو سەیارەیەك بە ئامانج گیران و یەكێك لەوان سەركردەی باڵای حزبوڵای عێراق بوو لە چەند رۆژی رابردوودا.
وەڵام بدەوه