Kurdistan Press - بڕیار دەدرێت و سزای گەورە بەسەر ئەو وڵاتە دەسەپێنن بڕیار دەدرێت و سزای گەورە بەسەر ئەو وڵاتە دەسەپێنن | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

بڕیار دەدرێت و سزای گەورە بەسەر ئەو وڵاتە دەسەپێنن

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەمڕۆ هەینی دەنگ له‌سىه‌ر سەپاندنی سزاکان بەسەر ئێراندا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ده‌دات، دوای ئەوەی ئەڵمانیا، فڕەنسا و بریتانیا میکانیزمی "سناپباک"یان چالاککرد، کە لە ڕێککەوتنی ساڵی 2015دا دیاریکرابو، ئەوەش تەنها چەند ڕۆژێک پێش کۆبونەوەی گشتی ساڵانەیە، کە سەرەڕای ئەوەش دەتوانێت دەرفەتێکی نوێ بۆ دانوستان لەسەر ئەو پرسە بڕەخسێنێت.

لە کۆتایی مانگی ئابدا سێ واژۆكه‌ری ڕێککەوتنەکە (ئەڵمانیا، فڕەنسا و بریتانیا) میکانیزمی ناسراو بە "سناپباک"یان چالاک کرد، کە ڕێگە بە سەپاندنەوەی سزاکان دەدات بەسەر ئێران بەهۆی پابەندنەبونی بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە، کە ئەمریکا لە ساڵی 2018 تاکلایەنە لێی کشایەوە و سزاکانی بەسەر تاراندا سەپاندەوە.
لە ئاگادارکردنەوە فەرمییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا وادەی 30 ڕۆژ بۆ ئەنجومەنەکە دیاریكراوه‌ بۆ دوبارە سەپاندنەوەی سزاکان، کە کۆتایی هەفتەی داهاتو کۆتایی دێت.

بەپێی بڕیارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایش کە چوارچێوەی یاسایی بۆ ڕێککەوتنی ئێران و زلهێزەکان دامەزراند، دەنگدان لەسەر ڕەشنوسی بڕیارنامەیەک ئەنجام دەدرێت کە دۆخی ئێستای سزاکانی ئەنجومەنەکە دەپارێزێت.


بۆ ئەوەی ئەو پێشنیازە پەسەند بکرێت، دەبێت پاڵپشتی نۆ لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش وەربگرێت. سەرچاوە دیپلۆماسییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەو ژمارەیە لەبەردەستدا نییە، ئەمەش بە مانای سەپاندنەوەی سزاکان دەبێت.

دوابەدوای کشانەوەی ئەمریکا، ئێران دەستبەرداری بەشێک لە بەڵێنەکانی بوە، بەتایبەتی سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم.

وڵاتانی ڕۆژئاوا گومانیان لە ئێران هەیە کە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات، ئەو تۆمەتە تاران ڕەتیدەکاتەوە و بەرگری لە مافی خۆی دەکات بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی مەدەنی.

لەم چوارچێوەیەدا، دوای چەندین دانوستان و هۆشداری و چەند هەفتەیەک پێش بەسەرچوونی بڕیارنامەی 2231، پاریس، لەندەن و بەرلین "میکانیزمی دەستپێکردن"یان چالاک کرد.



سەرەڕای نوێبونەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ تاران، هەرسێ وڵاتی ئەوروپی لەم هەفتەیەدا ئێرانیان ئاگادار کردوه‌تەوە کە هێشتا چاوەڕوانی کردەوەی "کۆنکرێتی"ن.

ئەوروپاییەکان ئەو ڕێککەوتنەی کە لە 9ی  ئه‌م مانگه‌ لە نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە چوارچێوەیەکی نوێ بۆ هاوکارییەکان گەیشتبوە بە ناتەواو دەزانن و ده‌ڵێن، جددی نییه‌.

ئەو ڕێککەوتنە نەبوەهۆی دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی پشکنینەکان، کە تاران دوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لە مانگی حوزەیران لە ماوەی شەڕی 12 ڕۆژەدا ڕایانگرت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل کە بەشێک لە کەناڵەکانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، پرسیار لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا کرا کە ئایا "لە کۆتایی ئەم مانگەدا سزاکان بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێنەوە؟" ئەویش لە وەڵامدا وتی، "بەڵێ من وا دەزانم، چونکە دوا شت کە لە ئێرانییەکان پێمان گەیشت جدی نەبو"، بە ئاماژەدان بەو وتوێژانەی ئەم دواییەی سێ وڵات لەگەڵ تاران ئەنجامیاندا.

بۆ ئەوەی دەقەکە ئه‌مڕۆ هەینی پەسەند بکرێت، ڕوسیا و چین کە دژی سەپاندنەوەی سزاکانن، پێویستیان بە نۆ دەنگ دەبێت لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجومەنەکە، سەرچاوە دیپلۆماسییەکان دەڵێن پێناچێت ئەمە بەدیبهێنرێت.

ڕیچارد گۆوان لە گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، "ڕەنگە جەزائیر، پاکستان، ڕوسیا و چین پشتیوانی بڕیارنامەکە بکەن، بەڵام پێدەچێت ئەندامانی دیکە دژایەتی بکەن یان خۆبەدوربگرن، بۆیە پێویست ناکات ئەوروپییەکان و ئەمریکییەکان ڤیتۆی خۆیان بەکاربهێنن".

ڕەتکردنەوەی ئەو بڕیارنامەیە دەبێتە هۆی سەپاندنی سزاکان لە کۆتایی هەفتەی داهاتودا، مەگەر لە کۆبونەوەی لوتکەی نەتەوە یەکگرتوەکان کە مەسعود پزیشكیان/ سەرۆک کۆماری ئێران بەشداری دەکات، بتوانێت دانوستانی نوێ و بنیاتنەرتر دەستپێبکات.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه