حكوومەتی بەریتانیا بە فەرمی داواکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکای ڕەت کردەوە بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە پێناو هێرشکردنە سەر ئێران، ئەمەش درزێکی گەورەی لە پێوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دروست کردووە.
ئەمڕۆ هەینی 20ی شوباتی 2026، ڕۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانی ئاشکرای کرد، کیر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بە دۆناڵد ترەمپی ڕاگەیاندووە، ڕێگەدان بە فڕۆکەکانی واشنتن بۆ بەکارهێنانی بنکە بەریتانییەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە.
ڕەتکردنەوەکەی بەریتانیا هەردوو بنکەی سەربازیی "دیێگۆ گارسیا" لە زەریای هیندی و بنکەی ئاسمانیی "فێرفۆرد" لە بەریتانیا دەگرێتەوە، کە شوێنی مانەوەی فڕۆکە بۆمبهاوێژە قورسەکانی ئەمەریکایە لە ئەوروپا.
بەپێی ڕێککەوتنەکان، ئەو بنکانە تەنیا بۆ ئۆپەراسیۆن دژی ئەو وڵاتانە بەکار دەهێنرێن کە پێشتر ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە، کە ئەمە بۆ دۆسیەی ئێران ڕووی نەداوە.
ئەم بڕیارەی ستارمەر بووەتە هۆی گرژی لە نێوان واشنتن و لەندەن، تەنانەت وای کردووە ترەمپ پشتیوانییەکانی بۆ ڕێککەوتنی ڕادەستکردنی دوورگەکانی "چاگۆس" بکشێنێتەوە.
لە بەرانبەردا ترەمپ لە تۆڕی "ترووس سۆشیال" پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت، ئەگەر ئێران ڕێککەوتن نەکات، ڕەنگە پێویست بکات ئەمەریکا بنکەی دیێگۆ گارسیا و فێرفۆرد بەکار بهێنێت بۆ لەناوبردنی هێرشێکی ئەگەری لەلایەن ڕژێمێکی مەترسیدارەوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش داوە، هەمیشە لە ئامادەباشیداین بۆ بەرگریکردن لە بەریتانیا، بەڵام دەبێت ئەوانیش لە ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکاندا بەهێز بن.


وەڵام بدەوه