بەرلە هێرشی سوپای رووسیە بۆ سەر ئۆکراینیا دۆخی یەکێتی ئەورووپا و تەنانەت ناتۆش لە رووی یەکریزی و هاوهەڵوێستی و تەبەنی کردنی سیاسەتێکی یەکگرتووی ئۆرووپی درزی تێکەوتبوو.
پۆڵۆنیەکان لە بواری یاساو دادگاو دەست نیشان کردنی دادوەرو سیستەمێکی سەربەخۆی دادوەری رووبەرووی برۆکسل وەستابوونەوەو ملیان بۆ داواکاریەکانی یەکێتی ئەورووپا نەدەدا.
بە حوکمی ئەوەی کۆمەڵگای پۆڵۆنی کۆمەڵگایەکی نەریتپارێزی کاتۆلیکیە، کۆمەڵێک یاسایان بە ئاراستەی سنووردارکردنی ئازادیەکانی هاوڕەگەزبازان دەرکردبوو.
دەرکردنی ئەم یاسایانەش لە ئەرزی واقعدا لەگەڵ سیاسەتی گشتگیری یەکێتی ئۆرووپا نایەنەوەو بوون بە هۆکاری سەپاندنی چەندین سزای ئابوری بەسەر پۆڵۆنیادا.
ڤیکیۆر ئۆربانی سەرۆکی هەنگاریاش لە زۆر بواردا نەیویستووە ملکەجی سیاسەتەکانی یەکێتی ئۆرووپا بێت. هەرچەندە ئەم وڵاتە ساڵانێکە هەم ئەندامی ناتۆ و یەکێتی ئۆرووپایە، لێ لە بواری یاساو ئازادی میدیایی و ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەدا چەندین بەربەستی یاسایی بۆ بەرەی بەرهەڵستکارانی هەنگاریا درووست کردووەو رووبەروویان بووەتەوە.
لە بارێکی تریشدا وڵاتانی ئیتاڵیا، فەرانسە و ئەڵمانیاش بە هۆی وابەستە بوونیانەوە بە غازی رووسی، بە گرتنە بەری سیاسەتێکی سەربەخۆو نەرم بەرامبەر بە رووسەکان چەندین جار لە لایەن ئەمریکاو وڵاتانی تری ئەندام لە یەکێتی ئۆرووپاو ناتۆوە رووبەرووی رەخنەی تووند بوونەوە.
پەلاماردانی ئۆکراینیا لە لایەن رووسەکان دۆخێکی تایبەتی بۆ ناتۆو یەکێتی ئۆرووپا هیناوەتە کایەوە. ئەم هێرشە لە لایەک ئۆرووپا و ناتۆی بە یەکگرتوویی هێشتەوە و ئەمریکاو ئۆرووپاشی زیاتر لە جاران لە یەکتر نزیک کردەوە.
وەڵام بدەوه