بە پێی دواین ڕاپرسی نیوەی دانیشتوانی ئەم دوورگەیە داوای سەربەخۆیی دەکەن و ئەم خواستەشیان لە ڕێگەی پشتگیریکردنی پارتە سەربەخۆ خوازەکانی وڵاتەوە دەربڕیوە.
ژمارەی دانیشتوانی گرینلاند نزیکەت 55.860 کەسە. لەم ژمارەیەش چل هەزارکەس مافی دەنگدانیان هەیە. هەژدە هەزار گرینلەندیش لە دانیمارک دەژین.
زمانی ئاخاوتنی گرینلەند زمانی تایبەت بە خۆیانە، بەڵام زۆرینەیان دانیمارکیش دەزانن و لە قۆناغی سەرەتاییەوە دانیمارکی و ئینگلیزیش دەخوێنن.
ئەم وڵاتە 3087 کیلۆمەتر لە دانیمارکەوە دوورە و کەوتۆتە باکوری ڕۆژئاوای بەریتانیا و ڕۆژهەڵاتی کەنەداوە. پایتەختەکەشی شاری نوووکە ( Nuuk).
دوورگەی گرینلەند بە گەورەترین دوورگەی سەر زەوی دەژمێردرێت (2.166.086 km2 ) . بەڵام بەشی هەرە زۆری خاکەکی بە بەفرو سەهۆڵ داپۆشراوە. خاوەنی سیستەمی حوکمڕانی پەڕلەمانی دەستوری پاشایەتیە و لە ڕووی سیاسیەوە زیاتر لە هەزار ساڵە سەر بە دانیمارکە و بە یەکێک لە وڵاتانی ئەندامی کۆمەڵەی پاشایەتی دەژمێردرێت. ( دوورگەکانی فارۆ، گرینلەند و دانیمارک ئەم کۆمەڵەیە پێک دەهێنن).
ئەم دوورگەیە لە ساڵی 1979 ەوە خاوەنی جۆرێکە لە حوکمی خۆ بەڕێوەبردن لە ڕووی ئیداریەوە. ئەم دەسەڵاتەش لە ساڵی 2009 ەوە بەرفرەوان کرا، دوای ئەوەی کەمتر لە نیوەی دانیشتوانی داوای سەربەخۆییان لە دانیمارک کرد.
دوای ئەم بەروارەوە مەیل و خواستی سەربەخۆیی لە نێو دانیشتوانی گرینلەند پەرەی سەند و حاڵی حازر نیوەی دانیشتوانی ئەم دوورگەیە داوا دەکەن لە دانیمارک جیاببنەوە.
گرینلەند خاوەنی پەڕلەمانێکی لۆکاڵی بچوکە و کرۆنی دانیمارکی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و سیستەمی بانکیدا بەکار دەهێنن.
بودجەی ساڵانەی یەک ملیارد یۆرۆیە ( بودجەیەکی بەرچاوە) و نیوەی ئەم بودجەیەش لەلایەن دانیمارکەوە بە خۆرایی پێشکەشی ئەم وڵاتە دەکرێت.
دانیشتوانی گرینلاند لە ڕێگەی پیشەسازی ماسی گرتنەوە ژیان دەگوزەرێنن و بە هۆی بەفر و سەهۆڵبەندانەوە خاوەنی هیچ جۆرە بەرهەمێکی کشت و کاڵیەوە نین.
شایانی باسە حکومەتی دانیمارکی دژی سەربەخۆیی گرینلاند نیە و بەنیازیش نیە لە ڕێگەی (حەشدی دانیمارکی و سوپای ناتۆ و میلیشیای تائیفی و بەکرێگیراوان و ئەڵقە لە گوێکانی) بە ڕەگەز گرینلەندی دانیشتووی دانیمارک، پەلاماری ئەم دوورگەیە بدات.
بە پێچەوانەوە ڕایگەیاندووە هەر کاتێک گرینلەندیەکان لە ڕێگەی پەڕلەمانەکەیانەوە خواستی سەربەخۆییان بەرز کردەوە، دەسەڵاتدارانی دانیمارک بەو پەڕی سینگ فراوانی و دیموکراسیەوە ئامادەن لەگەڵ دەسەڵاتدارە خۆجێیەکانی ئەم دوورگەیە بکەونە گفتوگۆوە و ڕێوشوێنەکانی جیابوونەوە بگرنە بەر.
وەڵام بدەوه