وەزارەتی تەندروستی نووسراوێكی گشتاندنی بۆ تەواوی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان ناردووە و ڕایدەگەیەنێت، كە دەبێت پزیشكی ئێشكگر، پابەندی تەواوی ڕۆژی ئێشكگری بێت.
دوای ناڕەزایەتیی خەڵك لەمەڕ پابەندنەبوونی پزیشكی ئێشكگری لە نەخۆشخانەكان، وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكی گشتاندندا بۆ تەواوی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، سۆران، گەرمیان، زاخۆ، ڕاپەڕین و كۆیەی ناردووە و تێیدا بە چەند خاڵێك پزیشكی ئێشكگری لە نەخۆشخانە حكوومییەكان پابەند كردووە.
وەزارەتی تەندروستی بە پێنج خاڵ، پزیشكی ئێشكگری لە نەخۆشخانە حكوومییەكاندا پابەندی دەوام كردووە و ڕایگەیاندووە، دوا بەدوای نووسراوی گشتاندنی ژمارە (17686) لە 6ی 6ی 2024، نووسراوی گشتاندنی ژمارە (18230) لە 8ی 8ی 2024 بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەكانی گشتییەكانی سەربە وەزارەتی تەندروستی لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان دەنێرن.
لە نووسراوەكەدا، پێنج خاڵ باس كراوە و لە خاڵی یەكەمدا هاتووە: "جەخت لە نووسراوی پێشوومان دەكەینەوە بۆ ئامادەبوونی پزیشكی پسپۆڕ و پزیشكی نیشتەجێی دێرین لە ڕۆژانی ئێشكگری بە بەردەوامی لە ناو نەخۆشخانە."
لە خاڵی دووەمدا جەخت لە پابەندبوونی دەوامی ئێشكگری دەكاتەوە، كە "نابێت پزیشكی پسپۆڕ لە ڕۆژی ئێشكگریدا لە نەخۆشخانەی تایبەت یان سەنتەری تایبەت یاخود نۆرینگەی تایبەت دەوام بكات، بەڵكوو تەواوی ئێشكگرییەكەی لە دەوامی حكوومی دەبێت."
لە خاڵی سێیەمی ئەو گشتاندنەی وەزارەتی تەندروستی دا هاتووە، كە نابێت پزیشكی ئێشكگر لە دەرەوەی نەخۆشخانە بێت و لەكاتی بوونی نەخۆشدا بەهۆی پەیوەندی پێكردنەوە بگەرێتەوە ناو نەخۆشخانە و نەخۆش ببینێت، "بەڵكوو پێویستە بەردەوام لەناو نەخۆشخانەدا بێت."
وەزارەتی تەندروستی لە خاڵی چوارەمدا، ڕێنمایی پزیشكی ئێشكگری دەكات و ڕایدەگەیەنێت، كە نابێت پزیشكی ئێشكگری بە وێنە و ڤیدیۆی نەخۆش پشكنین بۆ نەخۆش بكات یاخود ڕاوێژكردن بە مۆبایل و وەتسئەپ یان ڤایبەر و هەر ئامرازێكی دیكە بۆ پشكنینی نەخۆش بەتەواوی قەدەغە دەكات و دەڵێت: "پێویستە ڕاستەوخۆ نەخۆش پشكنین و چارەسەری بۆ بكرێت و پزیشك ئامادەبێت.
لە خاڵی پێنجەم و كۆتاییشدا، وەزارەتی تەندروستی پزیشكی نیشتەجێ و خولاو و دێرینش پابەندی بە كارنەهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی دەكات و ڕایدەگەیەنێت، كە "بۆی نییە ڕاو، سەرنج، ڕاسپاردە و ڕاوێژكاری بە تەلەفۆن لە پزیشكی ئێشكگر وەربگرێت، بەڵكوو دەبێت پزیشكی ئێشكگر خۆی لەلای نەخۆش ئامادەبێت."
وەڵام بدەوه