دەزگا میدیاییەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە نوێکردنەوەی زانیارییەکان دەربارەی ئەو کەسایەتی و دامەزراوە عێراقییانەی کە لە پشتگیریکردنی ئێران تێوەگلاون، ئەمەش واتای ئەوەیە کە ئەگەری فراوانکردنی (لیستی سزاکان) هەیە، بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
بە گوێرەی سەرچاوە میدیاییەکان، دوور نییە لەوەی لەنێو ئەوانەی لە بەستنی مامەڵە گومانلێکراوەکان بۆ بەرژەوەندیی ئێران تێوەگلاون، (فەرمانبەرانی ڕۆژئاوایی و ئەمریکی)یش هەبن کە لە بەڕێوەبەرایەتیی پێشووی ئەمریکا لە عێراق کاریان کردووە.
جێی باسە، سزا نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، تەنانەت کەسایەتی و بانک و کۆمپانیاکانی گرتەوە کە هەڕەشە بوون بۆ سەر دۆخی دارایی و بازرگانیی وڵاتەکە.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند كە سزای خستووەتە سەر ئەو کەسایەتی و کۆمپانیایانەی کە یارمەتیی ڕێژیمی ئێران دەدەن لە دەرچوون لە سزاکانی ئەمریکا، هەروەها تێوەگلاون لە قاچاخیكردن بە چەک و گەندەڵیی بەرفراوان لە عێراق.
هەریەک لە میلیشیاکانی (کەتائیبی حزبوڵا) و (عەسائیبی ئەهلی حەق) کەوتنە بەر سزاکانی ئەمریکا، هەروەها (عەقیل موفتەن) سەرۆکی لیژنەی ئۆڵمپیی عێراق و کۆمپانیای (ئەلموهەندیس) کە سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی و سەرۆکایەتیی حکوومەتە، جگە لە (عەلی غوڵام) كە خاوەنی چەند بانکێکە.
ڕۆژنامەی (ئەلمەدا) لە نیسانی ڕابردوودا ئاشکرای کردبوو کە واشنتۆن نیازی وایە 69 بانکی عێراق دابخات و کەمیان بکاتەوە بۆ (4 تا 6 بانک) بەهۆی تۆمەتبارکردنی ئەو دامەزراوانە بە پشتگیریکردنی ئێران.
جێی باسە، دوای سزاکانی ئەم دواییەی ئەمریکا، جۆ وێڵسن، ئەندامی پارتی کۆماریی ئەمریکی و نوێنەری کۆنگرێس، داوای لە ئیدارەکەی دۆناڵد ترامپ کرد (فەیلەقی بەدر) و سەرکردەکەی (هادی عامری) و (بانکی ڕافیدەینی حکوومەتی عێراق) بخاتە ناو لیستی سزاکانی ئەمریکاوە.
دوای سزاکانی ئەمریکا، (لیژنەی ئۆڵمپی) لە بەیاننامەیەکدا تۆمەتبارکردنی (عەقیل موفتەن)ی سەرۆکەکەی بە سزاکانی ئەمریکا بە "هەواڵی هەڵە و ساختە" ناو برد.
هەروەها عەلی غوڵام کە خاوەنی سێ بانکە و پێشتر لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزا دراوە، ڕایگەیاند کە ڕێکارەکان لە دژی "بێ بنەمان" و بانکەکانی لە 2022ەوە وازیان لە مامەڵەکردن بە دۆلار هێناوە.
شیاوی باسە، عەلی غوڵام لە ساڵی 2022 لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەستگیر کرا، لە کاتی هەوڵی محەمەد شیاع سوودانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی دۆلار، دوای چەند کاتژمێرێک بەهۆی دەستێوەردانی "لایەنە دەسەڵاتدارەکان" ئازاد کرا.
مامەڵەی نەوتی قاچاخ و هۆشبەرەكان
دەربارەی پشتپەردەی سزاکان، سیاسەتمەداری عێراقی (میسال ئالووسی) بە ڕۆژنامەی (ئەلمەدا)ی ڕاگەیاندووە: "دامەزراوە ئەمریکاییەکان هەمیشە زانیارییەکان دەربارەی کردارەکانی تێکەڵکردنی نەوتی عێراقی بە ئێرانی یان قاچاخچێتیی نەوت و دۆلار نوێ دەکەنەوە."
ئالووسی هەروەها ڕایگەیاندووە: "ئەمریکا بەوردی چاودێریی دۆسییەی نەوت و دارایی و بانکەکانی عێراق دەکات."
ئاماژەی بەوەش کرد: ”زانیارییەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن كە دەیان تۆڕی عێراقی بەشدارن لە قاچاچێتیی پارە و نەوتی قاچاخ و فرۆشتنی هۆشبەرەكان، سەرباری پشتگیری و بەردەوامبوونی گرووپە دڵسۆزەکانی ئێران و کڕینی ئیرادە و کۆمپانیا و دامەزراوەکان و بەشداریکردنیان لەوەی کە بە هێرشی (7 ئۆکتۆبەر) ناسراوە."
ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە، ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "دەزگا عێراقییەکان ڕۆڵیان نەبووە لە ئاشکراکردنی ئەم تۆڕانە، چونکە خۆیان تۆمەتبارن بە تێوەگلان لەگەڵ ئەو گرووپانە، لە ڕێگەی ڕووکاری سیاسی و ئابوورییەوە."
هەروەها، ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەمریکا پاکێجی نوێی سزای بۆ عێراق ئامادە کردووە، تەنانەت هەندێک فەرمانبەرانی ئەمریکییش دەگرێتەوە کە لە سەردەمی دوو سەرۆکی پێشوو (بایدن و ئۆباما) لە عێراق کاریان کردووە و ئاسانکارییان کردووە، یان بەشدار بوون لەوەی کە میلیشیاکان کردوویانە لە سپیکردنەوەی پارە و قاچاخیكردن بە نەوت."
ئاگادار ن دوای هەڵبژاردنەکان
ئالووسی ئەوەی خستووەتە بەر باس، کە بەغدا "دابڕاوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی" بەتایبەتی دوای دەرهێنانی عێراق لە کۆبوونەوە گرنگەکان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ، دەربارەی "داهاتووی غەززە" لە کۆبوونەوەکانی نیویۆرک لە مانگی ڕابردوودا.
دەشڵێت: "دوورخستنەوەی عێراق لەوەوە هاتووە کە عێراق بەشێکە لە جەنگ و لە پشتگیری و پێشوازیکردنی حەماس، ئەمریکا پێیان دەڵێت ئێوە دەوڵەتی جددی نین و ئەمە پەیامێکی ڕوونە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی ئاگادار بێت لە تووڕەیی و غەزەبی ئەمریکا."
ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە هۆشداریی داوە لەوەی کە "ویلایەتە یەکگرتووەکان دوای هەڵبژاردنی داهاتوو لە عێراق ڕێکاری توندوتیژتر دژ بە بەغدا دەگرێتە بەر.“
دەوڵەتی قووڵ
لەو چوارچێوەدا، غازی فەیسەڵ، دیپلۆماتکاری عێراقی بە ڕۆژنامەی (ئەلمەدا)ی ڕاگەیاندووە: "سزاکانی ئەم دواییەی ئەمریکا، ئامانجی دابڕاندنی دەوڵەتی قووڵە کە دەوڵەتی ئێرانە لە عێراق."
ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "ئێران هەوڵ دەدات نموونەی سوپای پاسداران لە ڕێگەی میلیشیاکانەوە بگوازێتەوە بۆ عێراق، بە جۆرێک کە ئەو گرووپانە پارە لە بودجەی ساڵانەی عێراق وەردەگرن و خاوەنی کۆمپانیان بۆ دابینکردنی پارە بۆ پڕۆژەکانی ئێران و جەنگەکانی لە هەرێمەکە.“
غازی فەیسەڵ، کە سەرۆکی سەنتەری عێراقییە بۆ توێژینەوە ستراتیژی، دانی ناوە بەوەدا نا "بەغدا لە تەنگانەدایە، چونکە لە هاوپەیمانی و هەماهەنگیی ستراتیژیدایە لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام لە هەمان کاتدا پەیوەندیی بە میلیشیاکانەوە هەیە کە بەشێک لەوان لە ڕێگەی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە لە حکوومەتدا بەشدارن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، کە حزبەكانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" زانیاریی وردیان هەیە دەربارەی کۆمپانیا سێبەرەکان و سپیکردنەوەی پارە و سوودوەرگرتن لە بانکەکان و گواستنەوە و قاچاخچێتیكردن بە چەک و نەوت و تۆڕەکانی سیخوڕی کە ئێران لە ڕێگەی میلیشیا چەکدارەکانەوە لە عێراق دروستی کردوون.
هەروەها ئەگەری توانای ئەو لایەنانەی لە دەرچوون لە پڕۆژەی ملیشیاکان ڕەتکردەوە و گوتی: "بەشێک لە چوارچێوەی هەماهەنگی پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە و باوەڕیان بە ولایەتی فەقیه و هاوپەیمانیی ستراتیژی بێسنووریان لەگەڵ تاران هەیە.“
ڕوونیشی کردەوە: "عێراق هێشتا بۆ ئێران سیپەلاكی ئابووری و ئەمنییەتەکەیەتی" هەر بۆیە سزا نوێیەکانی ئەمجارە لەسەر ئابووریی عێراق و جووڵەی بازرگانی و بانکەکانی کاریگەر دەبن."
وەڵام بدەوه