كەشناسێك رای دەگەیەنێت، لە ناوەڕاستی مانگی یەك بەفر لەناو سەنتەری شارەكان دەبارێت و سەرمایەكی سەخت دەست پێ دەكات.
ئەمڕۆ شەممە 28ـی كانوونی یەكەم، ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی رای گەیاند، كاریگەریی شەپۆلەكەی شەوی ڕابردوو لەسەر ناوچەكانمان كۆتایی هاتووە، بەگشتی لە ئەمڕۆوە تا نزیكەی 14 رۆژی داهاتوو عێراق و هەرێمی كوردستان بەكەشێكی سەقامگیردا تێپەڕ دەبێت.
دەشڵێت، لە رۆژی چوارشەمی ئەم هەفتەیەش 1/1/2025 بای باكوری رۆژهەڵات لە ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی و بەگشتی ناوچە شاخاوییەكانی رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان، چالاك دەبێت بەخێرای 15-30 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا.
ئاماژە بەوەش كرد، تا كۆتایی هەفتە رۆژی هەینی 3/1/2025 بەردەوامی دەبێت و پلەكانی گەرماش بەدرێژایی 14 رۆژی داهاتوو، زیاتر لە ئاستێكی جێگیردا دەبێت و گۆڕانكاریی ئەوتۆ روو نادات.
روونی كردووەتەوە، پێشبینی وایە مانگی یەكی ساڵی داهاتوو لە نێوان مەودای 12/1/2025 بۆ 20/1/2025، هەرێمی كوردستان و ناوچەكە بكەوێتە ژێر كاریگەریی هاتنی شەپۆلێكی جەمسەری بەهێزی سەرما و بەفربارینەوە و بەفر لە سەنتەری شارەكان ببارێت.
وەڵام بدەوه