بەڕێوەبەری چاندن و بنەتۆ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئێستا خەریکی خاوێنکردنەوەی گەنمی بنەتۆین بۆ ئەوەی بەسەر جووتیارانی دابەش بکەین کە بڕەکەی ٧ ھەزار تەن دەبێت و بەسەر ئەو جووتیارانە دابەش دەکرێت، کە شارەزای باشیان لە بەرھەمھێنانی گەنمی بنەتۆ ھەیە و مانگی داھاتووش دەست بە دابەشکردن دەکرێت بەنرخێکی ھەرزانتر لەبازاڕ.
بەڕێوەبەری چاندن و بنەتۆ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رێژین سدقی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو گەنمەی ئامادەکراوە وەکو بنەتۆ بۆ ئەوەی بەسەر جووتیارانی دابەش بکەن، ئێستا خەریکی خاوێنکردنەوەین و لەم نزیکانە تەواو دەبێت کە بڕەکەی ٧ھەزار تەن گەنمە و بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانە، بۆ ئەوەی ئامادە بێت و بەسەر جووتیارانی دابەش بکەین".
رێژین سدقی گوتیشی: "ئەو بڕە گەنمە بەشی ھەموو جووتیاران ناکات، بەڵام بڕیارە ئەو بنەتۆیە بدرێتە جووتیارە نموونەیەکان کە شارەزایەکی باشیان ھەیە لە بەرھەمھێنانی بنەتۆ، بەڵام تا ئێتسا دیاری نەکراوە ھەر جووتیارێک چەند گەنمی بنەتۆیان پێبدرێت، چونکە کە رێکارەکان تەواو بوو ئەوکات رێژەکە دیار دەبێت و نرخیشی دیار دەبێت کە لەبازاڕ ھەرزانتر دەبێت".
سدقی ڕوونیشیکردەوە: "بڕیارە گەنمی بنەتۆ بۆ وەرزی چاندن ئامادەبێت بۆ ئەوەی بدرێتە جووتیاران و مانگی داھاتوو بەسەر جووتیارانی دابەشی دەکەین".
وەڵام بدەوه