گوتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان رای گەیاند، پێشبینی دەكرێت لەگەڵ مووچەی مانگی سێ، مووچەی خانەنشینانی نوێ دابەش بكرێت.
ئەمڕۆ چوارشەم 26ـی شوبات، سادق عوسمان گوتەبێژی خانەنشینانی كوردستان، راگەیاند، كارەكانی خانەنشینانی نوێ بەردەوامیی هەیە، وەزیری داراییش چەند بڕیارێكی داوە بۆ ئەوەی كارەكان خێراتر بن.
زیاتر گوتی، بەپێی ئەو بڕیارانەی وەزیری دارایی داویەتی بۆ شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان، تا ئاستێك خێرایی بۆ تەواوكردنی مامەڵەكانیان كراوە.
باسی لەوەش كرد، ئەو خانەنشینانەی مامەڵەكەیان تەواو بووە، پێویستە شەش مووچەی خۆیان لە پای كۆبوونەوەی مۆڵەتەكانیان پێ بدرێت، هەروەها بۆ مووچەی خانەنشینی ئەوەی لەگەڵ عێراقە، پێویستە مامەڵەكانی تەواو بكرێت.
روونی كردەوە، هەوڵێكی زۆر هەیە مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی خانەنشینكراو بۆ مووچەی مانگی سێ ببەسترێت و وەریبگرن، بەڵام رێكارەكانیش زۆرن و ژمارەی خانەنشینانیش كە ئەمساڵ بەیەكەوە خانەنشین بوونە زۆرە، بۆیە رەنگە كەمێكی تریش دوا بكەوێت.
ئەوە لە كاتێكدایە ئەمساڵ بۆ جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو، 25 هەزار فەرمانبەر خانەنشین كران.
وەڵام بدەوه