شارەزایەکی بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە کە شەپۆلێکی بارانبارینی سەرتاسەری سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە چەند ناوچەیەک ئەگەری بارانی بە خووڕ هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5/3/2025، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: "لە ئێوارەی دوێنێوە شەپۆلێکی بارانبارینی زۆرباش لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پەستانی دەریای سوور ناوچەکانی ڕۆژئاوا، باشوور و ناوەڕاستی عێراقی گرتۆتەوە، بەداخەوە بەهۆی زاڵبوونی سیستەمی پەستانی بەرز لەسەر ناوچەکانی باکووری هەرێمی کوردستان کە سەرچاوەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپایە، لە قوناغی یەکەمی ئەو شەپۆلەی دەریای سوور ئەو بەرزە پەستانە بووە بەربەستێک لە گەیشتنی کاریگەری ئەو شەپۆلە بۆ تەواوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کورستان ئەو هەورانەی لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەدیارکەوتوون بەهۆی ئەوەی هەڵگری شێ ڕێژەیی پێویست نیە بۆتە هۆکارێک بۆ دەستپێنەکردنی بارانبارین، بەڵام لە ئێوارەی ئەمڕۆ بۆدرەنگانی شەو بەهۆی فراوانبوونی شەپۆلەکە پێشبینی دەکرێت کاریگەری ئەو شەپۆلە بەلاوازی بگاته ناوچەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان، سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووک، نمەباران لەو ناوچانە دەستپێدەکات و له هەندێ ناوچەش دڵۆپ دڵۆپ دەبێت."
ئاماژەشی بەوە داوە: "قوناغی دووەمی شەپۆلەکە بەرزەپەستان تێکدەشکێت و پاشەکشە دەکات و نزمەپەستانی دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست جێگای دەگرێتەوە، سەبارەت بە تەواوی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دۆخی بارانبارین باشتر دەبێت لە درەنگانی شەوی هەینی لەسەرشەممە شەپۆلێکی بارانبارینی سەرتاسەری سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بڕ و جۆری باران لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت."
ئەوەشی خستووەتە روو: "شەپۆلەکەی دەریای سوور بە پلەیەک کاریگەری لەسەر ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان، سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، هەولێر و ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەولێر (قەراج، کەندێناوە، مەخموور، گوێڕ، دیبەگە و سەرگەڕان) دەبێت."
جەختیشی کردووەتەوە: "چەقی شەپۆڵی بارانبارینەکە ڕۆژی شەممەیە لە زۆربەی ناوچەکانی باشووری هەرێمی کوردستان ئەگەری بارانی باش و مامناوەند هەیە زۆرترین بڕی باران پێشبینی دەکرێت لە ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان و باشووری کەرکووک بێت کە ئەگەری بارانی مامناوەند بۆ بارانی بەخووڕ هەیە."
ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی راشی گەیاندووە: "بە پلە دوو شەپۆلەکە کاریگەری لەسەر ناوچەکانی ئیدارەی سۆران، زاخۆ، پارێزگای دهۆک و مووسڵ دەبێت کە ئەگەری بارانی لاواز بۆ مامناوەند هەیە و لە ناوچە شاخاوییە کۆیستانییەکان بەفر دەبارێت و پلەکانی گەرما نزمدەبێتەوە، هەروەها هەورەبرووسکەی بەهێز و تەرزەی لەگەڵدایە و خێرایی با زیاد دەکات."
روونیشی کردووەتەوە کە ئەم شەپۆلە تا 11/3/2025، بە پچڕپچڕی بەردەوام دەبێت و دواتر بەرەو کۆتایی و لاوازبوون دەچێت.
وەڵام بدەوه