وردەکارییەکانی هەواڵ:
ئەمڕۆ شەممە، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان لە ژێر کاریگەریی چەقی شەپۆلێکی بارانباریندایە و لە زۆربەی ناوچەکان هەورەبرووسکە و تاوەبارانی بەخوڕ بەردەوامیی دەبێت.
لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە بۆ شەو، کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان، ڕاپەڕین، سۆران، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە زۆر بەهێز دەبێت. لەو ناوچانەدا باران و برووسکەی توند، بارینی تەزرەی بەهێز، و مەترسی دروستبوونی لافاوی گەورە لە هەندێک شوێن بەدی دەکرێت، بەتایبەت لە سنووری هەڵەبجە، گەرمیان و سلێمانی کە پێشبینی دەکرێت زۆرترین باران ببارێت.
لە کاتەکانی بەیانیی یەکشەممەدا، کاریگەریی شەپۆلەکە لەسەر زۆرینەی ناوچەکان لاواز دەبێت و بەشێوەی بارانی مامناوەند و پچڕپچڕ بەردەوامی دەبێت. هاوکات لە کاتەکانی ئێوارەی یەکشەممەوە، بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری لە تورکیاوە ناوچەکانمان دەگرێتەوە، کە بەهۆیەوە پلەکانی گەرما بە ڕێژەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە و کەشی سارد و زستانەیی دەست پێ دەکات.
سەبارەت بە بەفربارین، ئەگەری بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان لە بەرزی ١٦٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەبێت، هەروەها لە سەنتەری حاجی ئۆمەرانیش یەکەم بەفری ئەمساڵ دەبارێت. بەگشتی، کاریگەریی ئەم شەپۆلە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە کۆتایی پێ دێت و کەش لە تەواوی ناوچەکان سەقامگیر دەبێتەوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی بارستە هەوا ساردەکەوە پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە و لە شەواندا لە ناوچە شاخاوییەکان، نزمترین پلەی گەرما بۆ سفر دادەبەزێت.
#Kurdistanpress


وەڵام بدەوه