Kurdistan Press - كەركووك بۆ ڕاپەڕی؟ كەركووك بۆ ڕاپەڕی؟ | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

كەركووك بۆ ڕاپەڕی؟

زۆر لە كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان و كوردی هەندەران، پەرۆش و ناڕەحەتی دۆخی ئەم دواییەی كەركووك بوون. هەمووان بە پەرۆشەوە دەپرسن، ئاخۆ لە كەركووك چ دەگوزەرێت؟ لەبەر چی كوردی كەركووك لە 2ی ئەیلوولدا ڕاپەڕی؟
بابەتەكە بە كورتی بەم جۆرەیە. لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بە دواوە، كورد شكستێكی گەورەی بە خۆوە دیت. كشانەوەی پێشمەرگە لە كەركووك و داگیر كردنەوەی شارەكە لە لایەن هێزی هەمەجۆری دەوڵەتی عیراقەوە، وای كرد كورد لە كەركووك ڕووبەڕووی سیاسەتی جیاكاری و چەوساندنەوە و فەرامۆش كردن بێت. ئەو دەسەڵاتەی بەغدا لە كەركووك دایمەزراند، دەسەڵاتی ڕەگەزپەرستی دژە كورد بوو، لە شەو و ڕۆژێكدا كورد دەسەڵاتی سەربازی و مەدەنیی لە شارەكەدا لەدەست دا، عەرەبی كۆنە بەعسی و شۆڤینی، لە پاڵ میلیشیای حەشدی شەعبی، هەردوو دەسەڵاتەكەیان گرتە دەست.

لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوو، بە هەموو شێوەیەك ئەو شۆڤینیانەی بە پشتیوانیی بەغدا دەسەڵاتی كەركووكیان گرتە دەست، دژایەتیی كوردیان كرد، كوردیان لە پلە و پۆست دوور خستەوە، تەواوی گەڕەكەكانی زۆرینە كوردنشینی شارەكەیان فەرامۆش كرد و لە خزمەتگوزاری بێ بەشیان كردن، لە ڕووی كارگێڕییەوە زۆربەی فەرمانگەكانی حوكمەت دژایەتیی كوردیان كرد. كورد لە دۆخێكی بێ دەسەڵات و بێ پشتیواندا مایەوە. عەرەب هەموو شتێكی بەسەر كورددا دەسەپاند، هەر بۆ نموونە كار گەیشتە ئەو ڕادەیەی بڕیارەكانی مەجلیس قیادەی سەورە (ئەنجومەنی سەركرایەتیی شۆڕش)ی بەعس زیندوو دەكرانەوە، بە پشتیوانیی پارێزگاری كەركووك كە عەرەبێكی كۆنە بەعسی و هەواداری داعشە، هەروەها دادگا و فەرمانگەكانی حوكمەت لە كەركووك، عەرەبی هاوردە پاڵپشت بە سوپای عیراق پەلاماری گوندەكانی كوردیان دا بە ئامانجی داگیر كردنی زەوی و زاری كورد و دەرپەڕاندنی گوندنشینانی كورد.
بەرنامەی حوكمەتی عیراق و ئیدارەی دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ی كەركووك بەو جۆرەیە، تا دەكرێت كورد لاواز و بێ دەسەڵات و زەلیل بكرێت.
دوایین ئەڵقەی دژایەتی كردنی كورد لە 28ی ئەیلوول/2023دا دەستی پێ كرد. بە گوێرەی ڕێككەوتننامەی پێك هێنانی حوكمەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی، دەبوو تەواوی بارەگا داگیر كراوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، كە لە لایەن هێزی هەمەجۆری عیراقەوە داگیر كراون، چۆڵ بكرێن و ڕادەستی خاوەنەكەیان بكرێنەوە. گەورەترین بارەگای پارتیش لە شارەكەدا، بارەگای سەركردایەتیی كەركووك- گەرمیانە كە كەوتووەتە گەڕەكی شۆراو لە باكووری شاری كەركووكدا.
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزی چەكداری عیراق فەرمانی دا تا 1ی ئەیلوولی 2023 ئەو بارەگایەی پارتی كە كراوەتە بارەگای فەرماندەی عەمەلیاتی كەركووك، سوپای عیراق چۆڵی بكات و ڕادەستی پارتی بكرێتەوە.
كۆمەڵێك كۆنە بەعسی و كۆنە داعش بە ناوی (گرد بوونەوەی عەرەب) و كۆمەڵێك ڕێكخراوی سەر بە حەشدی شەعبی، ڕۆژی 28/ئەیلوول خێوەتیان لە بەردەم بارەگاكە هەڵدا، چەند گرووپێكی حەشدی شەعبی بە تایبەتی عەسایبی ئەهلی هەق و حیزبوڵڵا و چەند سەرۆك هۆزێكی عەرەبی حەویجە كە جاران بەعسی و ئێستا بوونەتە كلكلی خەزعەلی، بە پارە و بابەتی لۆژستی پشتیوانیی ئەو خەڵكەیان دەكرد كە دەهاتنە بن ئەو چەند دەوارەی كە لە بەردەم بارەگاكەدا هەڵیان دا بوون.
ئەوانەی هاتنە نێو دەوارەكانەوە، لە بنەچەدا بۆ دژایەتی كردنی كورد هاتن، بە ناوی ڕێگری كردن لە ڕادەست كردنی تەلارەكە بە پارتی، قین و بۆغزی خۆیان دژ بە كورد هەڵدەڕشت. هەر شوفێرێكی كورد بەوێدا تێپەڕ دەبوو، تێریان لێ دەدات و سووكایەتییەكی زۆریان پێ دەكرد، كار گەیشتە ئەو ڕادەیەی ڕێی بەرەو باكووری كەركووك كە دەچێتە گەڕەكانی شۆراو، سێكانیان و گورگە چاڵ و بەرەو هەولێر و چەندین شاری دیكەش دەچێت، ئەو ڕێیەیان گرت.
سەیر ئەوەیە، فەرماندەیی عەمەلیاتی كەركووك كە سەركردایەتیی تەواوی سوپا و هێزەكانی عیراق لە پارێزگای كەركووك دەكات، بەرانبەر بەو هەموو پێشێلكارییەی ئەو كۆمەڵە ئەنتی كورد و یاساشكێنە، هیچیان نەكرد، زاتی ئەوەیان نەبوو پێیان بڵێن، كاكە ڕێی خەڵك مەگرن.
خەڵكی زۆر بێزار بوون، نە ڕۆژێك و نە دووان، سەرەنجام خەڵكی ئەزیەت دیدەی كورد ڕۆژی 2ی ئەیلوول دژ بەو ئاژاوەگێڕی و سووكایەتی كردن و زەحمەتدانەی خەڵك لە هەر سێ گەڕەكی ڕەحیماوا، سەرچنار و شۆراو هاتنە سەر شەقام و بەرەو خێوەتەكان چوون. هێزی هەمەجۆری عیراق لە بری پاراستنی سەلامەتیی خۆپیشاندەرانی كورد، وەك چۆن ئەنتی كوردانی بەردەم بارەگاكەیان دەپاراست، كەچی بە گژ خۆپیشاندەرانی كورددا هاتن و دایاننە بەر ڕێژنەی گوللە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه