حزبی جەماوەری
پارتی دیموکراتی کوردستان بە درێژایی ساڵانی خەبات و تێکۆشانی لە پێناو کوردو کوردستان، خاوەنی کۆمەڵێک پرەنسیپی ئەخلاقی و مەبدەئی سیاسی و رێسای جێگیری کۆمەڵایەتی و کاری پێکەوەیی و بەهای مۆراڵی کارکردن بووە.
هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاوو واقعەرا و ریشەیی دۆزی رەوای کورد لە چوارچێوەی عێراقێکی دیموکراسی و ئازادو پلۆراڵی فرەنەتەوەو بەرجەستەکردنی گیانی پێکەوەژیان و هەلکردن لە تەک یەکتری، لە تەڤی قۆناغەکانی تێکۆشانی ئەم حزبە بە رونی دەبینرێت.
پارتی لەوەتەی هەیە هەڵگری چوارچێوەی کاری پێکەوەیی و رۆحیەتی دیموکراسی و کۆمەڵێک پرەنسیپی ئەخلاقی جێگر بووەو هیچ کاتێک و لە ژێر هیچ فشارێکی نێوخۆیی و دەرەکی سازشی لەسەر پرەنسیپەکانی نەکردووە.
بە پێچەوانەوە پارتی بەهۆی بەرخورداربوونی لە سەرکردایەتیەکی بەهێزو واقعگەراو ناوەندێکی بریاری بەهێز و دونیابین و خاوەن حیکمەت و تێگەیشتنی دۆخە جیاوازەکان، هەمیشە توانیویەتی سەنگ و قورسایی خۆی لە رووبەری کاری سیاسیدا بسەلمێنێ.
ئەم بزوتنەوەیە هیچ کات بە بەرزکردنەوەی دروشمی زەبەلاحی دوورەدەست و قەبەو نەگونجاوو دوورلە واقع نەبۆتە هۆکاری گرژی و ئاڵۆزی و وێرانکاریەوە، بەڵکو لە گشت قۆناغەکانی رەوتی رزگاریخوازی کورددا، یاریزانێکی لێزانی سەرەکی راگرتنی هاوکێشە سیاسیەکانی پەیوەست بە گۆڕانکاریە سەربازی و سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی و عێراق بە تایبەتی بووە.
هەرئەم تایبەتمەندیانەش وایان کردووە پانتای کارو چالاکیەکانی پارتی لە سنوورێکی جوغرافی و ناوچەیی تەسکدا قەتیس نەمێنن و بنکە و پێکە جەماوەریەکی بەهێزی لەهەر چوارپارچەی کوردستان بۆ دەستەبەر بکرێت و ببێ بە شوناسی خەباتی کورد لە پێناو ئازادیدا.
شوناسی کوردبوون و سازش نەکردن لەسەر دۆزی رەوای کورد لای پارتی یەکسانە بە سازش نەکردن لەسەر پرسی خاک و کەرامەتی نەتەوەیی و بەرژەوەندیەباڵا نیشتیمانیەکان. یەکسانە بە سینگ فراوانی و هەڵگرتنی خەمە گەورەکانی نیشتیمان. یەکسانە بە پاراستنی بەرژەوەندیە باڵا نەتەوەییەکان و هەوڵدان بۆ بە واقع کردنی هەژمونی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی بەزۆر پێکەوەلکێنراوی عێراق.
پارتی هێزێکە بە درێژایی زیاتر لە نیوسەدەی رابردوو نەیهێشتووە لە کاتی کەوتن و شکستە کاتیەکاندا، دۆخی سەپێنراوو کاتی چۆکی پێدابدات و ناچاری بکات سازش لەسەر مەبادئی ئەخلاقی خۆیەوە بکات.
پارتی لەهیچ کام لە قۆناغەکانی بەرخودان و پێواژۆیەکانی بزاڤی رزگاریدا، خۆی بەئایدیۆلۆژیا و قوتابخانە فکری و فەلسەفی و ئەفسانەییەکانەوە نەبەستۆتەوەو ئیدیعای دامەزراندنی یۆتۆپیا و مەعریفەی حوکمرانیەکی سەتاسەت بێ خەوش و گرێ و گۆلی نەکردووە.
پارتی هەمیشە پێی وابووە حزب و چالاکی سیاسی و تێکۆشان دەبێ لە خزمەت گەل و دابین کردنی بەرژەوەندیەکانیدابێ و حزب ئامانجێکی رەهای کاری سیاسی نیە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ خزمەت کردن و بەرکەماڵ بوونی شوناسی کورد بوون لە پێناو رزگاری نیشتیمانیدا.
وەڵام بدەوه