سیستەمە تازەکەی ڤار ( VAR) بۆ یەکلایی کردنەوەی دوابریار لەسەر لێدانی سزا و گۆڵ و فاول لە یاری تۆپی پێ، نوێترین داهێنان و رێکارە لە پانتای دونیای تۆپی پێدا و تا ئەم ساتەش توانیویەتی کاریگەری کارای لەسەر یەکلایی کردنەوەی ئەنجامەکانی زۆر یاریدا هەبێ.
ڤار، سیستەمێکی چاودێری وردی یاری تۆپی پێیە لە جیهانی وەرزشدا و لەم ماوە کورتەی تەمەنیدا توانیویەتی پێگەیەکی بەهێز لە رووبەری یاری تۆپی پێدا داگیر بکات و رۆڵی یەکلایی کردنەوەی ئەم سیستەمە لە ناکۆکیەکان، نکۆڵی لێ ناکرێ.
ئەوەی جێی سەرسووڕمانە لە جیهانی سیاسەت و گۆڕەپانی ململانێکانی عێراقیدا، بەکار هێنانی دادگای ئیتیحادی یا فیدڕاڵیە بۆ لە قالبدانی هەرێم و دەرکردنی کۆمەڵێک بریاری فیدڕاڵی دژبە هەرێمی کوردستان.
ئەم دادگایە لە چەشنی دەسکەڵایەکی یاسایی و هۆکارێک بۆ فشارهێنان بۆ سەر هەرێم سەپاندنی هەژمونی چەند هێزێکی فشاری شاراوەو سەربە وڵاتانی ئیقلیمی پشت پەردەی دونیای سیاسەت و ململانێی بەرژەوەندیەکان، رۆڵ دەگێڕێ و بەکار دەهێنرێ.
ئەگەر سیستەمی ڤار لە دونیای تۆپی پێدا رۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕێ و کۆتایی بە مقۆمقۆ و ناکۆکیەکان دەهێنێ، دادگای فیدڕاڵی رێک پێچەوانەی ئەمە کارو ئەرک و پیشەی بۆتە هەرێم و سەرقاڵ کراوە بە بچووک کردنەوەی هەرێم و فشارهێنان و سەپاندنی هەژمونی دەرەکی بەسەر کۆی گشتی حوکومرانی کوردو کرچ و کاڵ کردنەوەی هەرێمەوە.
بەم پێیە دادگای فیدڕاڵی وازی لە بەغدا و کێشەو تەنگوچەڵەمەکانی حوکومرانی لە سەرتاسەری عێراق هێناوەو سەرقاڵ کراوە بە هەرێمی کوردستانەوە.
وەڵام بدەوه