ئەم بکەرە ھۆکاری بوژانەوەی ئەخلاق و مۆڕالی جڤاکی و کەسێتیەکان نیە، داماڵراوە لەھەرچی پڕەنسیپی کۆمەڵایەتی و ئایینیە، داشۆراوە لە ھەرچی ڕەگەزی بە ئاگاھێنانەوەی ویژدانی ئینسانیە و لە خاڵێکی کوشندەی ڕوووخێنەردا چەقی بەستووە و دەماغی گەنی بووە و مەنتیقی نەخۆش کەوتووە و لۆژیکی باری کردووە.
ئەم بکەرە بۆغزاویە، لە چەشنی کاراکتەرێکی سەماکەری بە سوخرە گیراوی مەدھۆشی دەور تیپێکی مۆسیقای لە خشتەبەرە..کار بۆ زامن کردنی دواڕۆژی هاونیشتیمانیانی ناکات، ھەوڵ بۆ خێرو چاکەی گشتی نادات، بۆ مرۆڤایەتی تێناکۆشێ، بەڵکو داماڵراوە لەھەر چی بەھای مرۆڤایەتی و ھاوسۆزی وپاکی و برایەتی و ھاونیشیمانیە...ئاراستە کراوە، وەک رۆبۆتێکی بێ ھەست ونەست و ڕەزا قورس و بێ خوێن و دەمار، سەرماو گەرما و ھەڵبەزو دابەزی ژیان کاری تێ ناکات.
ئەم بونەوەرە بە ھیچ جۆرێ حەز بە ڕەخنەناکات، خاڵیە لە مەعریفە، بەتاڵە لە ھێزی پاڵنەری فکرو ھەژارە لە ڕووی بوونی ڕوانگەی جیاواز بەرامبەر بە ژین و ژیان و کۆمەڵگەوە...لە شارەکەی خۆی زیاتر تاکو ئێستا بە ڕێکەوتیش نەبووە، سەردانی زۆنی جیا لە زۆنەکەی خۆی بکات...کە کردیشی ھەست بە نائارامی و دڵە ڕاوکێ و بێزاری و نائومێدی دەکات و ترس و لەرز بۆ چەند ڕۆژێک بەری نادات، چونکە وافێر کراوەو ڕاھێنراوە، ئەوانی تر ھەموویان ڕەت بکاتەوە و بە چاوی کۆیلە ودەروێش لێیانەوە بڕوانێ...
چونکە ئەم بوونەوەرە بەرھەمی گەشەی ھزری ناوچەگەرێتی و شارچێتی و سڕینەوەی ( ئەوانی) تر و سەرخستنی ئەمانی ترو وێناکردنی خۆی بە فریشتە و خۆبە دەمڕاست نیشان دان و سەپاندنە.
ئەم بکەرە بەم ئیمکانیاتە بەرفرواونەی بواری تێکنۆلۆژیای زانیاری و تۆڕە کۆمەڵایتیەکانی ئەم سەردەمە خستوویەتە بەردەست، دەبێتە پاڵەوانی پەیجە گۆماناویەکان و ڕۆژانە لە ڕێگەی چەندین پەیجەوە سەرقاڵی نانەوەی فیتنەو ناو زڕاندنن و بڵاوکردنەوەی تۆوی دووبەرەکی و ناکۆکی و سەرنگەرگرتنە لە نەیارانیەوە لە ڕێگەی دەمشڕی و جنێوباران کردنی ئەوانی ترەوە. جەلالی ئال ئەحمەد، گەورە روناکبیرو نووسەری کۆچکردووی ئێرانی لە وەسفی مرۆڤگەلی لەم چەشنەدا دەڵێت:
ئەم تایپە لە مرۆڤەکان ( ھر ھری مذهب و بوقلمون صفتند). واتا( بێ مە زھەب و قوتابخانەی فکری و بەرژەوەندچین) و ھەر ڕۆژەو لەسەر پەتێک خەریکی یاری پەت پەتێنن و گوڵەبەرۆژ ئاسا، خۆر لە ھەر لاوە دەرکەوت، بەرەو ئەو لا ڕووی خۆیان وەردەگێڕن و پاپەندی ھیچ پڕەنسیپێکی دیاری کراوی کۆمەڵایەتی و فکرو ئەخلاقەوە نین. ئەم بکەرانە لە ھەر حاڵەتێکی ئاساییدا، پێویستیان بە چارەسەری سایکۆلۆژی و دەروونیەو بەم حاڵەی ئێستایانەوە و بەم دۆخەیانەوە بە دڵنیایی، ھەر لە شوێن خۆیاندا دەمێنن و وەک ڤایرۆسێکی (گەنی) لە پێناوی دەسکەوت و پۆستێکی ( خەنی)دا، لە کۆمەڵگەدا پێش ناکەون و دەبنە مایەی نەخۆشی و ناخۆشی و تێکدانی شیرازە کۆمەڵایەتی جڤاک و نانەوەی فیتنەو ئاشوبەوە.
وەڵام بدەوه