Kurdistan Press - ئەمریکا مەرجی نوێ هەیە ئەمریکا مەرجی نوێ هەیە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ئەمریکا مەرجی نوێ هەیە

مارك ڕوبیۆ مەرجەکانی واشنتۆن بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ڕادەگەیەنێت

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بە وەکالەت ئه‌مڕۆ (هەینی 2ى ئایارى 2025) ڕایگەیاند، ئێران دەبێت خۆی لە پیتاندنی یۆرانیۆم و پەرەپێدانی مووشەکی دوورمەودا بەدوور بگرێت، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ خولی نوێی دانوستانە ئەتۆمییەکان، دواخرا.

ڕوبیۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز)، گوتی: "دەبێت ئێران واز لە پشتیوانیكردنى تیرۆریستان بهێنێت، دەبێت واز لە یارمەتیدانی حووسییەکان (لە یەمەن) بهێنێت، دەبێت واز لە دروستکردنی مووشەکی دوورمەودا بهێنێت کە جگە لە هەبوونی چەکی ئەتۆمی هیچ ئامانجێکی تریان نییە، هەروەها دەبێت واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئێران پێویستە یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی هاوردە بکات، له‌برى پیتاندنی بۆ هەر ئاستێک.

لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی:" ئەگەر توانای پیتاندنتان هەبێت تا لەسەدا 3.67، تەنها چەند هەفتەیەکی دەوێت تا دەگەیتە سەدا 20، پاشان لەسەدا 60، پاشان لەسەدا 80 و 90 كه‌ پێویستانە بۆ دروستكردنى چه‌كى ئه‌تۆمی" 

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە تاران دەبێت ئەگەری بەشداری ئەمریکا لە هەر ڕژێمێکی پشکنیندا قبوڵ بکات و پشکنەرەکان پێویستیان بە دەستڕاگەیشتن بە هەموو دامەزراوەکان دەبێت، تەنانەت دامەزراوە سەربازییەکانیش.

ئێران چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەستبەرداری بەرنامەی مووشەکی یان پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت، کە پرۆسەیەکە بۆ دروستکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگە ئەتۆمییەکان بەکاردێت، بەڵام دەتوانێت ئەو مادەیەش بەرهەمبهێنێت کە پێویستە بۆ دروستکردنی سەری ئەتۆمی.

بەرپرسێکی باڵای ئێران ڕۆژی پێنجشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە خولی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات کە بڕیار بوو ڕۆژی شەممە لە ڕۆما بەڕێوە بچێت دواخراوە و دیاریکردنی وادەی نوێ "بەندە بە ڕێكاره‌كانى ئەمریکاوە".

ئێران دەڵێت بەپێی پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی مافی پیتاندنی یۆرانیۆمی هەیە و ڕەتیدەکاتەوە هەوڵی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بدات.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه