سەرۆک و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایدەگەیێنن، بەبێ کۆبوونەوەی ڕووسیا و ئەمریکا لە ئاستی سەرۆکەکاندا هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە نادرێت.
کۆبوونەوەی وەفدە دیپلۆماسیەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا و لە دوایین جاریشدا کۆبوونەوەی وەفدەکانی ڕووسیا و ئۆکراینا لە ئیستەنبووڵ هیچ ئەنجام و پێشکەوتنێکیان بە ئاراستەی کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بەدینەهێناوە. هەوڵەکانی ئەوروپا و ئەمریکا بە ئاراستەی ناچارکردنی ڕووسیا و ئۆکراینایە بۆ ڕاگرتنی جەنگ، دوایین لووتکەی وڵاتانی ئەوروپاش کە ڕۆژی هەینی لە ئەلبانیا بەڕێوەچوو، بڕیاری دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی بۆ سەپاندنی گەڕێکی نوێی سزاکان بەسەر ڕووسیادا دەرکرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوساندا سەبارەت بە کۆتاییهاتنی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەی وەفدەکان هەنگاوێکی ئەرێنییە، بەڵام بەبێ کۆبوونەوەی من و پووتین چاوەڕوانی هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بۆ ڕاگرتنی جەنگ مەبن.”
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای ئەنجامدانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بە میدیاکانی ڕاگەیاند: ”ئایا یاریمان پێ دەکەن؟! دەمانەوێت بزانین. نابێت مۆسکۆ و کیێڤ بەمشێوەیە کات بە فێڕۆ بدەن، دەبێت بە زووترین کات ئەم جەنگە وێرانکەرە بوەستێنین، سەرۆک ترەمپ بە ئاشکرا داوای کۆبوونەوەی لە سەرۆک پووتین کردووە و کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆک تاکە ڕێگەچارەیە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ."
وەڵام بدەوه