Kurdistan Press - لە ئەمریکاوە پلانە مەترسیدارەکەی ئیسرائیل ئاشکراکرا لە ئەمریکاوە پلانە مەترسیدارەکەی ئیسرائیل ئاشکراکرا | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

لە ئەمریکاوە پلانە مەترسیدارەکەی ئیسرائیل ئاشکراکرا

ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ـى ئه‌مریكی، ئه‌مڕۆ (چوارشەممە 28ى ئایارى 2025) پلان و هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر ئێران بەبێ گوێدانە دانوستانە ئەتۆمییە بەردەوامەکان لەگەڵ ئەمریکا، ئاشکرا ده‌كات. به‌پێ ڕۆژنامه‌كه‌، بەرپرسانی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوە کرد کە دەکرێت لە ماوەی حەوت کاتژمێردا هێرشەکە ئەنجام بدرێت و ئەمەش ڕێگری لە فشارەکانی ئەمریکا دەکات بۆ ڕاگرتنی هێرشەکە، بەڵام حکوومەتی ئیسرائیل ئەو ڕاپۆرتەی ڕەتکردەوە.

ڕۆژنامەکە بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژەیان بە ئیدارەی ترەمپ داوە کە ئامادەکاری دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران. هه‌روه‌ها هه‌واڵگریی ئه‌مریكا به‌ ئامادەکارییەکانی ئیسرائیلى زانیوه‌ و زانیارى پێگه‌یشتووه‌، ئه‌مه‌ش وایکرد ترەمپ لەگەڵ نه‌تانیاهۆ قسە بکات و ئه‌ویش ڕەتی نەکردەوە کە فەرمانی بە دەزگا سەربازی و هەواڵگرییەکانی داوە، خۆیان بۆ هێرشکردن ئامادە بکەن.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە نیگەرانییەکانی بەرپرسانی ئەمریکا ئەوەیە کە ڕەنگە ئیسرائیل بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بڕیاری لێدانی ئێران بده‌ن. هەواڵگری ئەمریکا مەزەندەی کردووە کە ئیسرائیل دەتوانێت لە ماوەی کەمتر لە حەوت کاتژمێردا خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادە بکات، بەمەش ئەو کاتەی لەبەردەستدایە بۆ فشارخستنە سەر ناتانیاهۆ بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێرشەکە، کەم دەکاتەوە.

بەشێک لە بەرپرسانی ئیسرائیلی نزیک لە نەتانیاهۆ پێیان وایە، ئەگەر ئێران هێرشی بەرپەرچدانەوەی دەست پێبکات، ئەمریکا هیچ ڕێگەیەکی دیکەی نابێت جگە لە هاوکاریکردنی ئیسرائیل لە ڕووی سەربازییەوە. کاربەدەستانی ئیسرائیل بە هاوتا ئەمریکییەکانیان ڕاگەیاندووە کە ڕەنگە نەتانیاهۆ فەرمانی هێرشکردنە سەر ئێران بدات، تەنانەت ئەگەر ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی سەرکەوتوویش بکرێت.

ڕۆژنامەکە باس لەوە دەکات کە نەتانیاهۆ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا، فەرمانی بە بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل کردووە بەردەوام بن لە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، لەنێویاندا ئۆپەراسیۆنێکی بچووکتر کە پێویستی بە هاوکاری ئەمریکا نەبێت.

لای خۆیەوە نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕەتی دەکاتەوە لە میانی گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ترەمپ هەڕەشەی لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردبێت، هاوكات نووسینگەكه‌ ئەو ڕاپۆرتەی بە "هەواڵی ساختە" وەسف کردووە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه