وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت لە رێگەی عومانەوە پێشنیازی فەرمی ئەمەریکامان بەدەست گەیشتووە بۆ رێککەوتن لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی و گوتەبێژی کۆشکی سپیش دەڵیت، ئێران لە بەرژەوەندییەتی پێشنیازەکە قبوڵ بکات.
رۆژی یەکشەممە 1ـی حوزەیران، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لەبارەی ئەو پێشنیازەی ئەمەریکا لە رێگەی عومانەوە گەیاندوویەتە تاران، بۆ رێککەوتن لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئەو وڵاتە گوتی؛ "پێشنیازەکەی ئەمەریکا تێروتەسەل و شیاوی پەسندکردنە".
گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت؛ "ستیڤ ڤیتکۆف پێشنیازێکی تێروتەسەلی ئامادە کردووە و لە بەرژەوەندیی ئێرانە قبوڵی بکات، لەبەر ئەوەی پێشنیازەکە شیاوی پەسندکردنە".
کارۆلین لیڤیت چەند جارێک دووپاتیکردەوە کە ؛ "نامهەوێ لەبارەی ناوەڕۆکی پێشنیازەکە روونکردنەوەی زیاتر بدەم، بەڵام ئێران بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم".
ئێوارەی رۆژی شەممە 31ـی ئایار، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند؛ "بەدر بووسەعید، وەزیری دەرەوەی عومان لە سەردانەکەیدا بۆ تاران پێشنیازی ئەمەریکای بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی رادەستی بەرپرسانی ئێمە کرد".
زیاتر لە 20 ساڵە تاران و وڵاتانی رۆژئاوا مشتومڕییان لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانە و ناکۆکییەکەش بەهۆی پیتاندنی یۆرانیۆمە لەنێو خاکی ئێراندا.
تاوەکو ئێستا تاران و واشنتن پێنج جار بۆ رێککەوتن لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران کۆبوونەتەوە و لەو ماوەیەدا چەندین جار دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاندووە کە ئێران دەبێ پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت.
هاوکات، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران، بەردەوام ئەو لێدوانەی سەرۆکی ئەمەریکایان دووبارە کردووەتەوە، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمە بە هێڵی سوور دەزانێت و دەڵیت "مافی خۆمانە لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوامبین".
وەڵام بدەوه