لە پڕۆژە بودجەی 2024 بڕی 398 ملیۆن دۆلار بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە سووریا و عێراق داواکراوە، بە بەراورد بە ساڵی 2023ش، 77 ملیۆن دۆلاری کەمترە. بەرپرسێکی پێنتاگۆنیش بە رووداوی راگەیاند، هۆکاری کەمبوونەوەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوە تەرخانکراوە، بەهۆی کەمبوونەوەی خەرجی چەک و تەقەمەنییەکانەوەیە.
گەیب کاماریڵۆ، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا و ژەنەڕاڵی باڵا مارک بێننێت، بەڕێوەبەری بودجەی سەربازی ئەمریکا رۆژی دووشەممە 13-03-2023 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی تایبەتدا لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، وردەکاریی پڕۆژە بودجەی ساڵی 2024ی وەزارەتەکەیان خستەڕوو.
لە پڕۆژە بودجەکەدا، داوای 12 ملیار و 409 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەرەوەی ئەمریکا کراوە، لە نێویاندا 398 ملیۆن دۆلار بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و مەشق و راهێنان بەو هێزانەی شەڕی داعش لە عێراق و سووریا دەکەن.
ئەو بڕە پارەیەی بۆ ساڵی داهاتوو، بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا داواکراوە، کەمترە بە بەراورد بە ساڵی 2023، لەبارەی هۆکاری کەمبوونەوەی بڕی ئەو پارەیەش، لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا پرسیاری لە بەڕێوەبەری بودجەی سەربازیی پێنتاگۆن کرد: بۆچی ئەو پارەیان کەمکردووەتەوە و چەند لەو بڕە پارەیە بۆ سووریا و چەندی بۆ عێراق دەچێت.
لە وەڵامدا ژەنەڕاڵ مارک بێننێت وتی، راستە ئەو بڕە پارەیە کەمبووەتەوە، بەشێکیشی پەیوەندی بە کەمبوونەوەی خەرجییەکانی کڕینی جبەخانە و چەک و تەقەمەنییەوە هەیە. دواتر زانیاریی دیکە لەبارەی بڕی ئەو پارەیەی بۆ عێراق و ئەو پارەیەش کە بۆ سووریا دەچێت بڵاودەکەنەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2023 داوای بڕی 14 ملیار و 544 ملیۆن دۆلاری بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەرەوەی ئەمریکا کردبوو، هەروەها لەو بڕە پارەیەش بڕی 475 ملیۆن دۆلاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا داواکردبوو.


وەڵام بدەوه