بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆ، بڕیار دراوە، كە ئەو شۆفێرانەی ئۆتۆمبێلی حكوومییان لایە، دەبێت خۆیان سزای تیژڕەوی و لێدان لە كامێرای هاتوچۆ و سەرپێچییەكان بدەن، نەك فەرمانگەكانیان.
بەپێی نووسراوەكە، كە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نێردراوە و تیایدا هاتووە، لەپێناو پابەندبوون بە رێنوێنییەكانی هاتووچۆ و بۆ ئەوەی ئەو شۆفێرانەی ئۆتۆمێلەكانی میری بەكار دێنن، پابەندی رێنوێنییەكان بكەن، نابێت نووسراوی لێخۆشبوون لە سزاكانی تیژڕەوی و سزاكانی سەرپێچیی هاتووچۆ بەرز بكرێتەوە، بەڵكوو شۆفێرەكان پێویستە پابەند بكرێن، كە هەركەس سەرپێچی بكات خۆی سزاكە بدات، نەك دامەزراوەكانی میری.
ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان لەسەر داواكارییەكەی وەزارەتی ناوخۆ، رەزامەندیی داوە و بە نووسراوێك، كە بۆ وەزارەتەكان و پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و گشت فەرمانگەكان نێردراوە، جەخت لەسەر ناوەڕۆكی نووسراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ كراوەتەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی كردووەتەوە، ئەو شۆفێرانەی ئۆتۆمبێلی میرییان لایە، دەبێت پابەندی رێنوێنییەكانی سەلامەتیی خۆیان و سەلامەتیی گشتی بن.
سزای لێدان لە كامێرای هاتوچۆ 60 هەزار دینارە و بەپێی خێرایی ئۆتۆمبێلیش بڕی سزاكە زیاد دەكات، تاوەكوو سەرووی 200 هەزار دینار، چەند سەرپێچییەكی دیكەی هاتووچۆش هەن، سزای تایبەتیان هەیە، وەكوو لێدان لە گڵۆپی سوور و راگرتن و پێچكردنەوە لە شوێنی قەدەغە.
وەڵام بدەوه